بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بۆ 964

“رەزامەندی زارەکی دراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی قولەی دەربەند”

964+

ژێوار خدر

بەهۆی کەم بارانیی و وشکەساڵییەوە، ئیدارەی راپەڕین گرفتی کەمی ئاوی خواردنەوەی بۆ دروستبووە و بەڕێوەبەرایەتيی ئاوی راپەڕینیش پلانیان داناوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، سوود لە ئاوی قولەی دەربەند وەربگرێت و بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕینیش دەڵێت، “رەزامەندی زارەکیمان وەرگرتووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە”

سەلام عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین بە 964ـی وت، سەبارەت بە گرفتەکانی کەمی ئاوی خواردنەوە و چارەسەرکردنیان لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا بەگشتی باسمان لە پڕۆژەی ئاوی دەربەند کرد و ئەوە خرایە روو کە کۆمپانیای جێبەجێکار توانای دارایی ئەوەندە نییە کە بتوانێت پڕۆژەکە تەواو بکات و چونکە پێویستی بە یەک ملیار دینارە.

وتیشی، قسەمان لەسەر پڕۆژەی قولەی دەربەند کردووە بۆ ئەوەی ببێت بە پڕۆژەیەکی پاڵپشت بۆ قولەی رانیە و کۆتایی هێنان بە گرفتی کەم ئاوی، بەڵام ئەو شوێنە 1000 مەتر دوورە لە پڕۆژەکەوە و پێویستی بە دابینکردنی بودجە هەیە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەم بابەتە کرا و لە بەڕێوەبەرى گشتى ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمەوە رەزامەندی زارەکیمان وەرگرتووە بۆ دابینکردنی بودجەکە و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی دەرخستەین  بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

روونیشیکردەوە، پلانێکی خێرایان ئامادەکردووە، بۆ ئەوەى بتوانرێت لە داهاتوویەکى نزیکدا ئەم کێشە و کەموکوڕییانەى کە رووبەڕووى شارى رانیە و ئیدارەى سەربەخۆى راپەڕین بەگشتى بۆتەوە چارەسەر بکرێن.

ئاوی قولە جێگرەوەی بۆ پەیدابوو

ئاوی قولە جێگرەوەی بۆ پەیدابوو