لەمەودا لە زاخۆ وێنە بگرە بێ ئەوەی وایەر و تێلی کارەبا دەربچێت

964+

شڤان عەبدولڵا – زاخۆ

قایمقامیەتی زاخۆ لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی کارەبای زاخۆ دەستیانکردووە بە رێکخستنەوەی تێل و وایەری کارەبا لەناو سەنتەری شاری زاخۆ، ئەگەر سەربگرێت لەمەودا لە زاخۆ دەتوانیت وێنە بگرێت بێخەم بیت، چونکە تێل و وایەر دەرناچێت.

وەڵات هەجەر، بەرپرسی کارگێڕی قایمقامیەتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە تۆڕی 964ی وت “تێل و وایەری کارەبا سیمای شاری زاخۆی ناشرین کردبوو، بیرمان لەوەکردەوە جوانی بازاڕی زاخۆ بپارێزین و تێل و وایەری کارەبا بشارینەوە و رێکیبخەین، ئەمە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکەین”.

بە وتەی وەڵات هەجەر، لە قۆناغی یەکەمدا تێلە سەرەکییەکان پێکەوە دەلکێنرێن لەگەڵ یەکتر، ئەوەی زیادەیە کاری پێدەکرێت و دەخرێتە سەر تێلێکی دیکە، بەڵام ئەوەی کاری پێناکرێت و زیادەیە بە یەکجاری لادەبرێت.

قۆناغی دووەم بریتیە لە رێکخستنەوەی تێل و وایەرەکانی دوکان و بازاڕەکان و دانانی خاڵێکی سەرەکی، بۆ ئەوەی چیدیکە وایەر و تێلەکان بە بەرەڵایی رانەکێشرێن.

لە قۆناغی سێیەم و کۆتاییشدا، هەموو وایەر و تێلەکان لە ژێر زەمین دەفن دەکرێن و دەشاردرێنەوە، بۆ ئەوەی بەیەکجاری تێل و وایەر لە ناو بازاڕ بەچاو نەبینرێن.

بەرپرسی کارگێڕی قایمقامیەتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت “بازاڕی زاخۆ جوانییەکی دیکە بەخۆیەوە دەبینێت و لە قۆناغەکانی داهاتوودا هەندێک کاری دیکە دەکەین، شتێکی وا دەکەین بازاڕی زاخۆ سەرنجی هەموو کەسێک رابکێشێت.”