بریندارانی شەڕی داعش خاوەن زەویی تاپۆن و تائێستا کرێچین

964+

کاروان ساڵح

برینداران و کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش لە پارێزگای کەرکوک،  لە دژی زیادەڕەویکردنە سەر ئەو زەوییانەی پێیان دراوە، لە کەرکوک گردبوونەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 20.2.2023 ژمارەیەک لە برینداران و کەسوکاری شەهیدانی دەزگە ئەمنییەکانی کەرکوک، لە ناوچەی رجێبات دژی زیادەڕۆیکردنە سەر زەوییەکانیان گردبوونەوە و داواکارن زیادەڕۆییەکان لەسەر زەوییەکانیان لاببرێن و بیکەن بە خانوو.

نەوزاد شەفیق، پۆلیسی هێزەکانی ئامادەیە و لە کاتی ئەرکدا بۆمب پێدا تەقیوەتەوە و هەردوو قاچی بڕاوە، بە تۆڕی 964ی وت، دوای ئەوەی بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بریاردرا زەوی بدرێت بە برینداران و کەسوکاریان زەوییەکانمان وەرگرت، بەڵام نازانین چی بەسەر هاوتووە  و لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە زیادەڕۆیی لەسەر کراوە.

وتیشی، زەوییەکانیان لە ناوچەی رێجات لە نزیک ناحیەی لەیلان پێداون و رووبەری 200 مەترە، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە زێدەرۆیی تێدا کراوە، بۆیە چەندان جار سکاڵامان تۆمار کردووە.

نەوزاد شەفیق دەشڵیت ” زەوییەکانمان کراوە بە پارکی ئۆتۆمبێل و یاریگە و کارگە و کۆگا، بۆیە دەبێت بۆمان بگەڕێننەوە، چونکە هەموومان کەمئەندامین و لە خانووی کرێدا دەژین.

لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا لیژنەکانی زیادەڕۆیی سەر بە قایمقامییەتی کەرکوک، گەیشتنە شوێنی خۆپیشاندانەکە و دەستیان کرد بە رووخاندنی ئەو زیادەڕۆییانەی کراوەتە سەر زەوی ئە کەسانە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی