"لەبەر گەرما گەشتەکە ئەنجام نەدراوە"
زیاتر لە نۆ کاتژمێرە گەشتێکی فلای ئەربیل بۆ لەندەن دواکەوتووە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
زیاتر لە نۆ کاتژمێرە، گەشتێکی فلای ئەربیل لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ لەندەن دواکەوتووە و رێگەپێدراوێکی کۆمپانیاکەش دەڵێت، بەهۆی گەرماوە گەشتەکە دواکەوتووە و بەمزووانە ئەنجام دەدرێت.
جەزا ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، بە 964ـی وت، “ئەگەرچی بڕیاربوو کاتژمێر 10:15 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەڕێی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە و بە فلای ئەربیل گەشتمان بکردایە بۆ فڕۆکەخانەی لەندەن، بەڵام تا ئێستا گەشتەکە ئەنجام نەدراوە، بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکمان پێبدەن، لەکاتێکدا ئەوانەی لە گەشتەکەماندان، منداڵی نەخۆش و چەندین کەسی تەمەن جیاوازی تێدایە”.
وتیشی، “کاتێک ڤیدیۆمان کردووە و داوای روونکردنەوەمان کردووە، کارمەندێک ڤیدیۆکانی بە گەشتیاران سڕیوەتەوە و تائێستا دیارنییە گەشتەکەمان کەی ئەنجام دەدرێت”.
“داوای مافی خۆمان لە فڕۆکەخانەی هەولێر و کۆمپانیای (فلای ئەربیل) دەکەین، ناکرێت گەشتێک ئەوەندە زۆر دوابکەوێت، بێ ئەوەی رێز لە مافی گەشتیارەکانیان بگرن”، جەزا ئەحمەد وای وت.
رێگەپێدراوێکی کۆمپانیای فلای ئەربیل بە 964ـی وت، “ئێمە پێشتر ئاگادارمان کردوونەتەوە لەبەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما گەشتەکە دوادەخەین، ئێستاش هەموو ئامادەکاریەک کراوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات گەشتەکەیان ئەنجام بدەین”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری