هاتوچۆی خورماتوو شۆفێران ئاگادر دەكاتەوە
ئەوەی پابەندی رێنماییەكان نەبێت دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەی شۆفێران لە خورماتوو دەستیپێكردووە و ئەگەر پابەندی رێنماییەكان نەبن، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكانیاندا دەگرن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی خورماتوو، بەهاوکاری بەرگری شارستانی، هەڵمەتێکی هۆشیاری و مەیدانییان بۆ سەر شۆفێرانی سنورەکە و سەر رێگای گشتی کەرکوک – بەغدا دەستپێکرد و شۆفێران لەگرنگی ئامێری ئاگرکوژێنەوە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان و سەلامەتیيان ئاگادار دەکرێنەوە.
موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بۆ 964:
-لەهەنگاوی یەکەمی هەڵمەتەکە، سەرەتا شۆفێران لە گرنگی هەبوونی ئامێری ئاگرکوژێنەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا رێنمایی و هۆشیاریان پێدەدرێت، كه لەهەر حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوەدا، خێرا پەیوەندی بە تیمی فریاگوزاری ژماره 911ـەوە بکەن، بۆ ئەوەی بەزویی فریابکەون و ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
-هەڵمەتەکە بۆ ماوەی 10 رۆژه و شۆفێران هۆشداریان پێ دەدرێت و پاشان هەر شۆفێرێک بەبێ ئامێری ئاگرکوژێنەوە بکەونە نێو مەفرەزەکانمانەوە، جگەلە سزای مادی شۆفێرەکە، ئۆتۆمبێلەکەشی دەستى بەسەردا دەگیرێت.
-ئامانج لەم هەڵمەتە، بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی هاتوچۆ و سەلامەتيی گیانی شۆفێران و دەوروبەرە، لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە، بەو پێیەی ماوەیەکە روداوەکانی ئاگرکەوتنەوەى ئۆتۆمبێل رویان لەزیادبون کردووە.
پێداچوونەوە: محەمەد فاتیح