لە رۆژی پشوودا

لە چلەی هاوین موچەی مانگی پێنج دابەشدەکرێت

964+

پەری ساڵح

هەینییە و لە چلەی هاوین و گەرماداین، بەڵام موچەخۆرانیش هەر زوو گەیشتوونەتە بەردەم بانکەکانی دابەشکردنی موچە و دەیانەوێت بە فێنکی موچەکانیان وەربگرن.

بەپێى خشتەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، ئەمڕۆ هەینى 25.7.2025 موچەى مانگی پێنجی خانەنشینانى شارستانى، خاوەن پێداویستى تایبەت، زیندانى سیاسى و بەرکەوتوانى کیمیاباران و کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەشدەکرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی لە چوارچێوەی پرۆژەی “هەژماری من” مووچە وەردەگرن، دەتوانن هەرکات بیانەوێت بە شەو و رۆژ سەردانی ئامێرەکانی ATM بکەن.

لە بانکی کەلار و شارەزوور، فێنککەرەوە و ئاوی ساردیان بۆ دانراوە و موچەخۆرانیش چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەکانیانن.

رۆژى شەممە، کاروبارى شەهیدان، پەروەردە، خانەنشینى پێشمەرگە، دارایى و ئابورى، دەستەى دەستپاکى و وەبەرهێنان و ژینگە، دەزگاى مین، ناوچەکانى دەرەوەى هەرێم و وەزارەتەکانى ناوخۆ و داد و چەند وەزارەتێکى تر موچە وەردەگرن.

کۆتا رۆژى دابەشکردنى موچەش کە رۆژى یەکشەممەیە، سەرۆکایەتییەکانى هەرێم، پەرلەمان، حکومەت و چەند وەزارەتێک موچە وەردەگرن.