ئەمڕۆ شارەزوور بێ کارەبا دەبێت

 میدیازان – محەمەد عومەر – هەڵەبجە

 راکێشانی ه‌ێڵێکی نوێی کارەبا بۆ شارەزوور، پارێزگای هەڵەبجەو سەید سادق بۆ ماوەی ١١ کاتژمێر بێ کارەبا دەکات.

 سەعید قادر فەرەج، بەڕێوبەری کارەبای هەڵەبجە بە میدیازانی راگەیاند، بەمەبەستی بەهێزکردنی تۆڕەکانی کارەباو رێگریکردن لە سووتانی محاویلەو کەمکردنەوەی بارگرانی سەر تاوەرەکانی کارەبای پارێزگای هەڵەبجەو قەزای سەید سادق، بڕیاردرا هێڵێکی نوێی کارەبا بۆ ناوچەکە رابکێشرێت.

زیاتر وتی “دوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی کارەباو دابینکردنی پێویستییەکان، ئەمڕۆ شەممە دەستکرا بە بەستنەوەو زیادکردنی هێڵێکی ١٣٢ کەی ڤی، بۆ سەر تۆڕی کارەبای هەڵەبجە”.

 میدیازان دەزانێت، بۆ راکێشان و بەستنەوەی ئەو هێڵە ١٣٢ کەی ڤییە، لە کاتژمێر شەشی بەیانی ئەمڕۆوە تا چواری ئێوارەی ئەمڕۆ، هەڵەبجە، پێنجوێن، هەورامان و قەزای سەید سادق، بێ کارەبا دەبن.

“راکێشانی هێڵی کارەبای ١٣٢ کەی ڤی، بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا نیە، بەڵکو کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆیە لەسەر محاویلەو تاوەرەکانی کارەبا”

 بەڕێوەبەرایەتی کارەبای هەڵەبجە، سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان، بەتایبەت نەخۆشخانەو بنکە تەندروستییەکان ئاگادار کراونەتەوە کە بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر کارەبایان نابێت.

زیاتر روونی کردەوە، راکێشانی هێڵی کارەبای ١٣٢ کەی ڤی، بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا نیە، بەڵکو کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆیە لەسەر محاویلەو تاوەرەکانی کارەبا کە زیاتر لە وەرزی زستان بەهۆیەوە کارەبایەکە دەکوژێتەوە.

لەوە دەچێت بەرپرسانی کارەبا هەموو لایەکیان ئاگادار کردبێتەوە جگە لەخاوەن مۆلیدەکان، چونکە مۆلیدە بەرنامەکەی نەگۆڕاوەو هەر وەک رۆژانی تر کاردەکات.

هەورامان محەمەد، خاوەن مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکی گوڵان بە میدیازانی راگەیاند، لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای هەڵەبجە ئاگادار نەکراوینەتەوە لە بڕانی کارەبای نیشتمانی.

وتی “خاوەن مۆلیدەکان وەک رۆژانی ئاسایی کارەکانمان کردووە، رۆژانە لە کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی بەیانی تا ٨:٣٠ مۆلیدە هەڵدەکەین، نیوەڕۆیانیش کاتژمێر ١٢ تا ١٠ـی شەو”.