چاڵ و چۆڵییەکان پڕدەکرێنەوە

رێگا ناخۆشەکەی سلێمان بەگ نۆژەندەکرێتەوە

میلاد جەلال_گەرمیان

کارەکانی نۆژەنکردنەوەی رێگای کفری بۆ سلێمان بەگ دەستیپێکرد، ئەگەر پرۆژەکە گرفتی بۆ دروست نەبێت و تەواو بکرێت، شۆفێران نەجاتیان دەبێت لەو رێگا پڕ چاڵ و ناخۆشە.

ساھیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری بە 964ـى وت، “پرۆژەی نوێکردنەوەی رێگەی کفری بۆ سلێمان بەگ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە چەند قۆناغێک نۆژەنکردنەوەکە جێبەجێ دەکرێت”.

لە ماوەی نۆژەنکردنەوەکەدا، رێگایەکی کاتی بۆ ھاتوچۆی شۆفێران دروست دەکرێت و رێگا کۆنەکە بە تەواوی نۆژەندەکرێتەوە، لە قۆناغی یەکەمدا رێگاکەی سنووری پارێزگای سەڵاحەدین تەواو دەکرێت، پاشان لە سنووری دیالەشەوە بەشەکەی تری دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پرۆژەکە لەسەر بودجەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان ئەنجام دەدرێت و تێچووەکەی پێنج ملیار دینارە، بڕیارە لە ماوەی 500 رۆژدا تەواو بکرێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش