"ده‌بوایه‌ حكومه‌ت بیكات به‌ڵام نه‌یكرد"

دانیشتوانی گوندێکى تانجه‌ڕۆ لەسەر ئەرکی خۆیان ڕێگاكه‌یان کۆنکرێت ده‌كه‌ن

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانى

دانیشتوانی گوندی وێڵەدەر، بڕیاریانداوه‌ لەسەر ئەرکی خۆیان رێگای گوندەکەیان کۆنکرێت بکەن، بە مەبەستی کار ئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان.

گوندی وێڵەدەر سەر بە تانجەرۆیە و ئێستا 16 ماڵی تیادا نیشتەجێیە.

سەردار عارف، ئەنجومەنی گونده‌كه‌ بە 964 وت، ئەمڕۆ هەستاون بە کۆنکرێت کردنی رێگای گوندەکەیان لەسەر ئەرکی دانیشتوانەکەی، بەهۆی ئەوەی لە رۆژانی هەینیدا هاوڵاتیان لەو رێگایەوە دەگەڕێنەوە بەرەو سلێمانی کاتێک لۆد دروست دەبێت لەسەر تونێلی پێشڕەو.

وتیشی “حکومەت لە پلانیدا بووە رێگایەک دروستبکات وەک جێگرەوەی رێگای تونێلی پێشڕەو، بەڵام لەمکاتەدا پێی جێبەجێ ناکرێت و بەردەوام لۆد دەکەوێتە سەر رێگای گوندەکەمان، بۆیه‌ وەکو بەرپرسیارێتی ئەمڕۆ نزیکەی 350 مەتر لە شەقامەکە کۆنکرێت دەکەین”.

ئەوەشی خستەڕوو، هاوڵاتیان کاتێک لە شارباژێڕەوە لە رێگای گوندەکەیانەوە دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی، لەوێوە دەگەنە سەر گەڕەکی کانی با و ناکەونە قەرەباڵغیەوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن