رەوانەی دادگاش كران و سزا دران
لەسەر ئەوەی درەختيان شكاندووە پۆلیسى دەربەندیخان دەستگیری كردن
محەمەد فاتیح
بەتۆمەتی ئەوەی درەختیان شكاندووە، پۆلیسی دەربەندیخان ژمارەیەک تۆمەتبارى دەستگیرکرد و رەوانەی دادگا كران و سزا دران.
هۆبەى باخچەکانى شارەوانى دەربەندیخان، بە هەماهەنگى لەگەڵ هۆبەى یاسا، داوایەكی یاساییان لە دادگا تۆمار كرد، لەسەر هەڵکەندن و شکاندنەوەی چەند درەختێک، لە باخچەی چنار لە گەرەکی هەوارەبەرزەى دەربەندیخان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، باس لەوە دەكات، دوابەدواى کردنەوەى پەڕاوى لێکۆڵینەوە لەلایەن دادگاى دەربەندیخان، ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیرکران و پاشان سزاى یاسایی دران.
سەرۆکایەتى شارەوانى دەربەندیخانيش دەڵێت، “خۆشبەختانە لە دوای ماوەیەکی کەم، بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی هەوارەبەرزە، توانرا تاوانباران دەستگیربکرێن و رەوانەی دادگا بکرێن، تاکو لەلایەن سەرۆکی شارەوانی و هۆبەی باخچەکان، بە پێی تەمەنی درەختەکان پێبژاردنیان پێبکرێت”.
“داواکارین لە هاوڵاتیيان خۆیان بە دوور بگرن لە زیان گەیاندن بە باخچە و کەرەستە و ئامێرەکانى شارەوانیمان، چونکە زۆربەی جێگاکان لە ژێر چاودێری کامێرادایە”.