پەیوەندیی بە سەیرانکردنەوە هەیە
دەستەکانی ژینگە و گەشتوگوزار هۆشداری دەدەنە هاوڵاتیان و گەشتیاران
964+
پێشەوا محەمەد
هەریەکە لە دەستەی ژینگە و گەشتوگوزار هۆشداری دەدەنە هاوڵاتیانی هەرێم و گەشتیاران، لە کاتی سەیراندا پیسی و خۆڵ لە سەیرانگاکان جێنەهێڵن و دووربکەونەوە لە بڕینەوەی دار و راوکردن.
هەردوو دەستەکە ئەمڕۆ دووشەممە 4.3.2024 راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکیان هەبووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە 964ـی راگەیاند، بەلای ئەوانەوە زۆر گرنگە هاوڵاتیان و گەشتیاران هۆشیاریی ژینگەییان بەرزبێت و لەدوای خۆیان شوێنەکەیان پاک بکەنەوە و زیان بە سروشت نەگەیەنن.
وتیشی، “لە پرسی پیسکردندا هیچ رێنماییەک نییە بۆ سزادانی گەشتیار و سەیرانکەران، بەڵام ئەوانەی راو دەکەن لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن و سزا دەدرێن”.
ئەو خاڵانەی دەستەکانی ژینگە و گەشتوگوزار بڵاویانکردووەتەوە:
*پاراستنی سەیرانگاكان و شوێنە گەشتیارییەكان بە پاكوخاوێنی و پیس نەكردنیان.
*لە دوای ئاگركردنەوە و تێپەڕاندنی رۆژێكی خۆش لە سەیرانگاكان و لە ناو دارستانەكان، ئاگرەكە بە تەواوی بكوژێننەوە و دڵنیابن لەوەی كە هیچ پاشماوەیەكی ئاگر نەماوە.
*پاراستنی دارستانەكان و نەشكاندنی دار و درەختەكان و بەكارنەهێنانیان وەك سووتەمەنی.
*فڕێنەدانی پاشماوەكان لە سەیرانگاكان و كۆكردنەوە و هێنانەوەی پاشماوەكان بۆ ئەو شوێنانەی تەرخان كراون بۆ فڕێدانی پاشماوەكان یان هێنانەوەیان لەگەڵ خۆتان بۆ حاویەی زبڵ و خاشاكی بەردەمی ماڵەكانتان.
*دروستكردن و ئامادەكردنی خواردن بەو بڕەی كە دەخورێت و بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی نەبێتە پاشماوە و سەیرانگاكان پیس نەكات، لە كاتی هەبوونی خواردنی زیادە لە شوێنێك دابنرێت بۆ ئەوەی باڵندە و ئاژەڵەكان بیخۆن.
*پیس نەكردنی رووبار و چەمەكان بە فڕێنەدانی پاشماوەكان بۆ ناویان بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو و كاریگەریی لەسەر زیندەوەرانی ناو ئاوەكە دروست نەکات.
*گوێڕایەڵیی بۆ پۆلیسی پاراستنی شوێنە گەشتیارییەكان و سەیرانگاكان.
*لە شەوى سەری ساڵدا واتە لە نەورۆز تایە مەسوتێنن لەبەر ئەوەى زۆر پیسکەری ژینگەیە، تەنیا لە لایەن لایەنى پەیوەنددار لە پارێزگا و ئیدارەکان مەشخەڵی نەورۆز دادەگیرسێت.
*كۆمپانیا گەشتیارییەكان راسپێردراون كە ژینگەی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان بە پاك و خاوێنی بپارێزن.
*داوا لە گەشتیاران و سەیرانكاران دەكەین هاوكاریی تیمەكانی گەشتوگوزار و ژینگە بن كە رێنوێنی و رێپیشاندەریانن بۆ سەیران و گەشتەكان.
*دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە مەترسیی هەبوونی مینی لێ دەكرێت و دەستكاری نەكردنی بۆ سەلامەتی هەمووان.
*راونەكردن و ئازارنەدانی ئەو گیانلەبەرە كێویانەی كە لە نزیك شوێنە گشتیارییەكان و سەیرانگاكان هەن.
*خۆدوورگرتن لە دروستكردنی قەرەباڵغیی ئۆتۆمبێل لە رێگاكان و پەكخستنی رێڕەوی رۆیشتن و بەكارنەهێنانی ئامێری ئاگاداركردنەوە (هۆڕنلێدان) بۆ ئەوەی ژاوەژاو دروست نەبێت.