هەموو هاندەرانی شەقڵاوە لەیاریگا دەرکران

شەقڵاوە لەناو یاریگای خۆی نەیتوانی لە ئاکرێ بباتەوە

+964

ئاسۆ فەیسەڵ – سۆران

لەگەڕی 19ـی خولی یانە پلە نایابەکانی کوردستان، یانەی وەرزشی شەقڵاوە لەسەر یاریگای خۆی میوانداری یانەی وەرزشی ئاکرێی کرد، لەسەرەتای یاریەکەدا هەردوولا ئاستێکی جێگیر و مامناوەندیان نیشاندا و هیچ هێرشێکی مەترسیداریان بۆ سەر گۆڵی یەکتر ئەنجامنەدا.

لەخولەکی 30 یاریەکەدا ناوبژیوان یاریەکەی راگرت بەهۆی هاتنەناوەوەی بەشێک لەهاندەرانی شەقڵاوە بۆ ناو یاریگا، لەسەر ئەو رەفتارەی هاندەران ناوبژیوان یانەی شەقڵاوەی سزادا و بەدەرکرنی سەرجەم هاندەران بۆ دەرەوەی یاریگا، بەو بڕیارەش یانەی شەقڵاوە یارییەکەی بێ هاندەر تەواو کرد.

دوای پێنج خولەک یاریەکە دەستی پێکردەوە، لەخولەکی 39 یاریزان سانی سەلام گۆڵی یەکەمی یانەی شەقڵاوەی تۆمارکرد، بەڵام خۆشی یاریزانانی یانەی شەقڵاوە زۆری نەخایاند و لەکۆتا خولەکی گێمی یەکەمدا، یاریزان مەحمود شاکر بەلێدانی سەر گۆڵی بەرامبەری بۆ یانەی ئاکرێ تۆمار کرد.

لەگێمی دووەمدا، هەردوو یانە هەوڵی زۆریاندا تاکو ئەنجامی یاری بگۆڕن، بەڵام هێرشەکانی هەردوولا بێ ئەنجام بوون، لەکۆتا دە خولەکی یاریەکەدا چەند هێرشێکی مەترسیداریان کردە سەر گۆڵی یەکتر، لەخولەکی 84 ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ یانەی ئاکرێ هەژمار کرد، بەڵام یاریزان مەحمود شاکر نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات.

لەکۆتا خولەکەکانی یاریەکەشدا یاریزانی یانەی شەقڵاوە ئەمیر موحەڕەم بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، بەڵام ئەمە سوودی بەیانەی ئاکرێ نەگەیاند، یاریەکە بە یەکسانی و بەگۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتایی هات.

بەم ئەنجامە یانەی شەقڵاوە لەکۆی 17 یاری خاوەنی 25 خاڵە، یانەی ئاکرێش لە 17 یاری خاوەنی 24 خاڵە، شەقڵاوە لەگەڕی 20 لەگەڵ یانەی زاخۆ یاری دەکات و یانەی ئاکرێش رووبەڕووی یانەی ئارارات دەبێتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق