کۆمپانیایەک قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لە چەمچەماڵ دروست دەکات
كارێكی خێرخوازییە
کۆمپانیایەک قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لە چەمچەماڵ دروست دەکات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لەسەر داوای قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، كۆمپانیای ماس قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لە گەڕەکی مامۆستایانی چەمچەماڵ دروست دەكات، كە كارێكی خێرخوازییە.
قایمقامیەتی چەمچەماڵ رایگەیاند، دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا داوایان لە کۆمپانیای ماس کرد بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە قەزای چەمچەماڵ، بە سوپاسەوە کۆمپانیای ناوبراو رەزامەندی لەسەر دروستکردنی قوتابخانەکە دا و بۆ ئەو مەبەستە شەش شوێن بۆ دروستکردنی بیناکە پێشنیارکرا.
هەروەها رایانگەیاندووە، ئەمڕۆ یەكشەممە 20.7.2025 لە پەروەرەی چەمچەماڵ کۆبوونەوەیەک رێکخرا بەمەبەستی دیاریکردنی شوێنی قوتابخانەکە، کۆمپانیای ماس لەو شەش شوێنەی لەلایەن ئیدارەی چەمچەماڵەوە پێشنیار کرابوو، گەڕەکی مامۆستایان (48ییەکان) یان هەڵبژارد.
قایمقامیەتی چەمچەماڵ دەڵێت، “بەڕێوەبەری پەروەردە و ئەندازیاران و یەکێتیی مامۆستایان و قایمقامی چەمچەماڵ ئیمزایان لەسەر کۆنووسی هەڵبژاردنی شوێنەکە کرد، هەر ئەمڕۆ بە مەبەستی دەستخۆشی و سوپاس لە بەڕێز کاک ئەحمەد ئیسماعیل خاوەنی کۆمپانیا و حاجی عومەر بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیاکە، قایمقامی چەمچەماڵ سەردانی کۆمپانیاکەی کرد و لەگەڵ بەڕێز کاک حاجی عومەر کۆبوونەوە”.
“بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لێکتێگەیشتن لە نێوان ئیدارەی چەمچەماڵ و کۆمپانیای ناوبراو ئیمزا بکرێت بە مەبەستی دەستپێکردنی کارەکان”، راگەیاندراوی قایمقامیەت وا دەڵێت.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، قوتابخانەکە کۆمپانیای ماس بە شێوەیەکی خێرخوازی دروستی دەکات، بینایەکی مۆدێرنی 18 پۆلییە و ژمارەیەک هۆڵی گەورەی تێدایە و دەکرێت بە قوتابخانەیەکی حکومی و دەخرێتە خزمەت خوێندکارانی چەمچەماڵەوە.