باوکیشى دەڵێت: بەمردویش بێت بۆم بدۆزنەوە

دوو ساڵە بێ سۆراغە؛ هەفتەى رابردوو جلەکانى دۆزرایەوە

964+

سیروان خوڕشید- خورماتوو

زیاتر لە دوو ساڵە گەنجێکی دانیشتووی گوندی مەنسوور لە سنووری نێوان داقوق و خورماتوو بێسەروشوێنە، هەفتەی رابردوو جلوبەرگەکانی لە نزیک چەمێکی وشکبوو دۆزرایەوە، بەڵام چارەنووسی خۆی هێشتا نادیارە.

گەنجەکە ناوى محەمەد جەهانبینە و ماوەى دوو ساڵە هیچ دەنگ و رەنگێکى نەماوە و بێ سۆراغە.

کوڕەکەمم بۆ بدۆزنەوە، با بە مردویش بێت

جەهانبین رەمەزان، باوکی گەنجە ونبووەکە، بە 964ـی وت: “لە درێژەی گەڕان بەدوای کوڕەکەمدا، هەفتەی پێشوو، بە دووری سێ کیلۆمەتر لە گوندەکەمانەوە، جلوبەرگی کوڕەکەمم لە نزیک چەمێکى وشکبوو دۆزیەوە، بەڵام خۆی دیار نەبوو.”

باوکی محەمەد دەڵێت، هەرچەندە دەوروبەری ئەو شوێنەی زۆر گەڕاوە، بەڵام جگە لە قەمیس و شەرواڵێکی رزیو هیچی تری بەرچاو نەکەوتووە. ئەو جلوبەرگانە هەمان ئەوانە بوون کە کوڕەکەی لە رۆژی ونبوونیدا لەبەریدا بوون.

باسى لەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکەیان لێ ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوون بە هیچ سەرەداوێک و داواکارن گەر بە مردویش بێت تەرمی کوڕەکەى بدۆزنەوە.

لاى خۆیەوە، عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، بە 964ـی راگەیاند: هەرچەندە ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە، بەڵام لە بەدواداچوونەکانمان تائێستا هیچ سەرەداوێکمان دەستنەکەوتووە.”

“لەئێستاشدا بەدواداچوونی ترمان دەستپێکردووەتەوە، بەتایبەت لە سنووری ئەو شوێنەی کە جلوبەرگی گەنجەکەی لێ دۆزراوەتەوە، بۆ ئەوەی بە زیندویی یان بە مردوویی چارەنووسی ئەو گەنجە بزانین”، عەمید حوسێن واى وت.

محەمەد جەهانبین کە تەمەنی 26 ساڵە، بەپێی وتەی کەسوکاری، کەمێک نەخۆشیی دەروونی هەبووە و لە بەرەبەیانی 2023.6.9 لە ماڵ دەرچووە و لەو کاتەوە بێسەروشوێنە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح