چاوەڕێی رێکارەکانی وەرگرتنن لەلایەن بانکی وەبەرهێنانەوە
بە نرخی بانکی ناوەندی دۆلار بە بازرگانانی سلێمانی دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بانکی وەبەرهێنانی عێراقی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بە بازرگانانی سلێمانی دەدات. ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت؛ چاوەڕێی نووسراوی شێوازی وەرگرتنین.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 16.2.2023 بانکی وەبەرهێنانی عێراقی، لەگەڵ ژووری بازرگانیی سلێمانی کۆبوونەوە و بڕیار دراوە لەو بانکەوە بە نرخی بانکی ناوەندی دۆلار بدەن بە بازرگانانی سلێمانی.
ئێستا بانکی ناوەندی هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار دەدات بە وەبەرهێن و بازرگانان بۆ هێنانی کاڵا و شمەکەکانیان.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەتۆڕی 964ی راگەیاند “ئەو کارە بۆ بازرگانانی سلێمانی زۆر گرنگ بوو، چونکە ئەگەر ئەوە نەکرایە, ئەوا بازرگانان روویان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرد بۆ کارەکانیان.
تۆڕی964 دەزانێت، هەر بازرگانێک کە بیەوێت دۆلار لەو بانکە بکڕێت، دەبێت بەڵگەی کەلوپەلە هاوردەکراوەکانی پێبێت و لایەنێکی فەرمى حکومەتی هەرێم رەزامەندی لەسەر هەبوونی ئەو کاڵا و شمەکانە دابێت، کە دەهێندرێت.
“تا ئێستا شێوازی وەرگرتنی ئەو دۆلارە و بڕەکەی دیار نییە، چاوەڕێی نووسراوی بانکی وەبەرهێنانی عێراقین بە نووسراوێک رێکارەکانیانمان بۆ بنێرن” سیروان محەمەد وای وت.