27 ساڵ زیندانى

پیاوى ئاشتیى؛ رۆژى جیهانى ماندێلایە

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ، 18ـی تەمموز، جیهان یادی لەدایکبوونی نیلسۆن ماندێلا دەکاتەوە، ئەو پیاوەی بووە سیمبولی ئاشتی و لێبوردەیی و یەکەم سەرۆکی رەشپێستی ئەفریقای باشوور.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم رۆژە (18ـى تەممووز)ـى وەک “رۆژی جیهانیی نیلسۆن ماندێلا” ناساندووە، ئەوەش وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو میراتە گەورەیەى لەدوای خۆی بەجێی هێشتووە.

نیلسۆن ماندێلا، لە 18ـی تەمموزی 1918ـە لەدایکبووە و هەر زوو ژیانی تەرخانکرد بۆ خەبات دژی سیستمی ئەپارتاید (جیاکاری رەگەزی) لە ئەفریقای باشوور.

چەند وتەیەکى نیڵسۆن ماندێلا:

براوە ئەو خەونبینەیە کە هەرگیز کۆڵنادات.

لە وڵاتەکەى مندا، سەرەتا دەچیتە زیندان، دواتر دەبیتە سەرۆک.

سەرکردەى راستەقینە ئەوکەسەیە هەموو شتێک دەکاتە قوربانى لە پێناو گەلەکەیدا.

بۆ ماوەی دوو دەیە، ماندێلا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و پاشان چەکدارانە دژی ئەم سیستمە وەستایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی 1962 دەستگیر بکرێت و دواتر لە ساڵی 1964دا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێندرێت.

ماندێلا 27 ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەربرد، کە زۆربەی لە دوورگەی رۆبن بوو، لە ماوەی زیندانیەکەیدا، ناوبانگی لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبووەوە و بوو بە هێمای بەرخۆدانی دژ بە ستەم.

لە 11ـی شوباتی 1990 و لە ئەنجامی فشارە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا، لە زیندان ئازادکرا، ئازادبوونی نەک هەر سەرکەوتنێکی کەسى بوو، بەڵکو بووە نیشانەی دەستپێکی کۆتاییهاتنی رژێمی جیاکاری ڕەگەزی.

چەند وێستگەیەکى ترى ژیانى ماندێلا دواى ئازادبوونى:

لە 1993 خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى پێ بەخشرا

لە 1994 بە هەڵبژاردن وەک سەرۆکى ئەفریقاى باشوور هەڵبژێردرا

سەرۆکایەتییەکەى بوو بە سیمبولى ئاشتى و لێبوردەیى

لە 1999 وازى لە لە پۆستەکەى هێنا و خۆى بۆ کارى خێرخوازى تەرخانکرد.

نیلسۆن ماندێلا لە 5ـی کانوونی یەکەمی 2013 کۆچی دواییکرد، بەڵام وەک یەکێک لە مەزنترین سەرکردەکانی مێژوو لە یادەوەری مرۆڤایەتیدا ماوەتەوە.

مانگى داهاتوو مه‌هاتما غاندى له‌ هه‌ولێر ده‌بێت

مانگى داهاتوو مه‌هاتما غاندى له‌ هه‌ولێر ده‌بێت