"کێشەکانمان چارەسەر نەکرێت شەقام دەگرین"
دانیشتووانی گەڕەکێکی خانەقین دژی کەمئاوی و نەبوونی خزمەتگوزاری گردبوونەوە
راژان باجەڵان – خانەقین
دانیشتووانی گەڕەکی بەختیاری خانەقین دژی کەمئاوی و نەبوونی خزمەتگوزاری گردبوونەوە و دەڵێن لەم چلەی هاوینەدا بێ ئاوی و بێ کارەبایی خەو و خۆراکی لێ حەرام کردوون.
چەند بەشداربوویەکی گردبوونەوەکە قسەیان بۆ مایکی 964 کرد و رایانگەیاند، موەلیدەیەکیان هەبوو و ئاوی گەڕەکەکەیان لەسەر ئەو موەلیدەیە بوو، ئێستا موەلیدەکە سووتاوە و کەس نازانێت کەی ئاو بۆ ماڵەکانیان دەگەڕێتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەگەر تا ئەمشەو کێشەکەیان چارەسەر نەبێت، شەقام و رێگای گەڕەکەیان دادەخەن.
عەبدولوەهاب زەهاوی میراو و کارپێکەری بیرە ئاوەکانی گەڕەکی بەختیاریـش وتی، “بیرەکان بە موەلیدە کاردەکەن و بە لەکارکەوتنی ئەو موەلیدەیە زیاتر لە هەزار ماڵ بێ ئاو بوون”.
وتیشی، چەندین ساڵە داوایان لە قایمقامیەت و لایەنی پەیوەندیدار کردووە کە کارەبای تایبەت و 24 کاتژمێری بۆ ئەو بیرانە دابین بکەن، بەڵام پشتگوێ خراون و وەڵامێکی کۆنکرێتی نەدراونەتەوە.
لە گەڕەکی بەختیاری خانەقین زیاتر لە هەزار ماڵ هەیە و شەش بیر، ئاوی گەڕەکەکە دابین دەکەن، لە باشترین حاڵەتدا سێ رۆژ جارێک ئاو بۆ ماڵەکان بەردەدرێتەوە و لەئێستادا کە پلەی گەرما لە 50 پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە، نە ئاویان هەیە و نە کارەبای پێویست.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری