سبەی لە 10 بەنزینخانە لە هەولێر دابەشدەکرێت

بەنزینی تاکسی دەگەڕێتەوە

964+
فەرمان سادق

دوای وەستانی بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەستدەکرێتەوە بەدابەشکردنی بەنزینی 960 دیناری بۆ تاکسی.

دوای کوژاندنەوەی بەشی بەرهەمهێنانی بەنزینی 690 دیناری تاکسی بەهۆی خاوێنكردنەوەی پاڵاوتگەی کار بۆ ماوەی سێ رۆژ دابەشکردنی بەنزین وەستا، بڕیارە بەیانی یەکشەممە 19.2.2023 دەستبەدابەشکردنەوەی دەکرێت.

ئەندازیار سالار محەمەد، سەرپەرشتیاری دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی بە تۆڕی 964ـی وت، سبەی یەکشەممە 19.2.2023 دەستدەکرێتەوە بەدابەشکردنی بەنزینی تاکسی لە هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش.

تۆڕی964 دەزانێت، سبەی 10 تانکەری 36 هەزار لیتری بەسەر 10 بەنزینخانە لە هەولێر دابەشدەکرێت، ئەوانیش بەنزینخانەکانی کورد نەفتی رێگای بەحرکە، کورد نەفتی رێگای موسڵ، سەن ئۆیلی گەڕەکی ژیان، سەن ئۆیلی رێگای کەسنەزان، سەن ئۆیلی پشت وەزارەتی پێشمەرگە، سازین لەگەڕەکی فەرمانبەران، یاسەمینی تەنیشت فاملی مۆڵ، زیاد لەقەزای بنەسڵاوە، گۆڵدن لە شەقامی 100 مەتری و چوارسن لە ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

بەپێی زانیارییەکانی دەست تۆڕی964 کەوتووە، بەنزینی 690 دیناری کار ئۆکتانی 89.5ـە، هەرچی بەنزینی 800 دینارییەکەی پاڵاوتگەی لانازە کە دەدرێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەت ئەو ئۆکتانەکەی 91.8ـە.