فریای چارەسەرکردنی کێشەی گەڕەکەکان ناکەون

فەرمانگەی کارەبای خانەقین کێشەی کەمی ئۆتۆمبێل و کارمەندیان هەیە

راژان باجەڵان – خانەقین

فەرمانگەی کارەبای خانەقین کە ئەرکی چاککردنی سەرجەم کێشەکانی کارەبای گەڕەکەکانی ناوشاریان لەئەستۆیە، تەنیا یەک ئۆتۆمبێل و تیمێکی چاککردنەوەیان هەیە و ئەوەش کێشەی بۆ دروست کردوون.

خەلیل زەرگۆشی بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای خانەقین بە 964ـی وت، “نۆ مانگە پارێزگای دیالە بڕیاری پێدانی دوو ئۆتۆمبێلی دیکەی بە فەرمانگەی خانەقین داوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوون و هۆکارەکەشی بۆ بوونی کێشەیەک لەلایەن ئەو بەڵێندەرەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانە لە دەرەوەی وڵات دەهێنێت”.

بەقسەی زەرگۆشی، جگە لە کەمی ئۆتۆمبێل، فەرمانگەکە کارمەندی پێویستیشی نییە و تەنیا یەک تیمی گەڕۆک لە بەشی چاککردنەوەی کارەبای خانەقین هەیە کە کراون بە دوو بەشەوە و رۆژانە 24 کاتژمێر لە ئەرکدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی کارەبای گەڕەکەکانی ناوشار و دەورووبەری.

بەپێی زانیارییەکانی 964، دوێنێ تیمەکەی فەرمانگەی کارەبای خانەقین لە 27 شوێنی جیاجیا سەرقاڵی کارکردن بوون، بەهۆی لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێلەکەیان لە کاتژمێر چواری بەرەبەیان تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ چەند گەڕەکێک بێ کارەبا بوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری