"بەئومێدێکى قوڵەوە بۆ ئاشتى و دیموکراسى بەردەوام دەبین"

قوباد تاڵەبانى: ئەمڕۆ لە سلێمانى مێژوو تۆمارکرا

وریا فەتاح

لەبارەى دانانى چەک لەلایەن ژمارەیەک گەریلاى پەکەکەوە، قوباد تاڵەبانى لە پەیامێکدا رایگەیاند: ئەمڕۆ لە سلێمانى مێژوو تۆمارکرا.

لە پەیامەکەى تاڵەبانیدا هاتووە،”ئەمڕۆ لە سلێمانی مێژوو تۆمار کرا، پەکەکە لە پێگەیەکی بەهێزەوە وەک بەشێک لە دەستپێشخەرییەکی گەورە بۆ ئاشتی، چەکەکانیان لەناوبرد”.

” سلێمانی وەک شارێک کە بە دروستکردنی پرد و چارەسەرکردنی ناکۆکی لەڕێی دیالۆگەوە ناسراوە، ئەمڕۆ ئەم رۆڵەی خۆی زیاتر بەرجەستە کرد”، قوباد تاڵەبانى وا دەڵێت.

دەشڵێت: بە ئومێدێکی قووڵەوە بۆ ئاشتی و دیموکراسی بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئەم پرۆسەیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینى 11ـى تەموزى 2025، لە ئەشکەوتى جاسەنەى سنوورى سلێمانى، ژمارەیەک گەریلاى پەکەکە چەکەکانیان سووتاند.