سبەینێ چەکەکان بێدەنگ دەکرێن

لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تورکیا زیاتر لە 1600 هێرشى بۆسەر هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە

وریا فەتاح

لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا، سوپاى تورکیا زیاتر لە 1600 هێرشى بۆسەر هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە و نۆ هاوڵاتى مەدەنیش بەرکەوتوون.

بەپێی راپۆرتێکی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـى ئەمریکی، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە 1ـى کانوونی دووەم تا 30ـى حوزەیران، سوپای تورکیا 1,678 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

زۆرینەی هێرشەکان، کە دەکاتە 1,484 هێرش، لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون. هەروەها 140 هێرش کراوەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر و 54 هێرشیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردوومانانەدا، 3 هاووڵاتی گیانیان بەخشیوە و 6ـى دیکەش برینداربوون.

شێوازی هێرشەکانیش بەم جۆرە بوون:

1,232 هێرش لە رێگەی تۆپبارانەوە.
397 هێرش لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
43 هێرش لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە.
5 هێرش لە رێگەی بەکارهێنانی چەکی سووکەوە.
1 هێرش لە رێگەی تەقینەوە.
هەروەها، بە تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، 550 هێرش ئەنجامدراوە، کە 541یان بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک و 9یان بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر بوون.

بەپێی راپۆرتەکە، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە بەراورد بە مانگی ئایار بە رێژەی 8% زیادیانکردووە..

کامەران عوسمان رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوەکە بە 964ـى وت،” لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئادار، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە”.

بڕیارە سبەینێ هەینى 11.7.2025، ژمارەیەک لە گەریلاکانى پەکەکە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و بەدیاریکراوى لە سنوورى پشدەر، بەشێوەیەکى سیمبوڵى چەک دابنێن.

بۆ خوێندنەوەى راپۆرتەکە کلیک بکە…