مامۆستایانی خانەقین هاواریان لێ هەڵساوە
“70 رۆژە موچەمان وەرنەگرتووە و یەک بەرپرس لە ئێمەی نەپرسیوەتەوە”
+964
راژان باجەڵان – خانەقین
دژ بە دواکەوتنی موچە، ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە فلکەی کرندی لە خانەقین گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی، ئەوان لەو لافیتانەی هەڵیانگرتووە، پاڵپشتیی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدڕالی دەكەن.
گردبوونەوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.7.2025 كرا و مامۆستا عەلی سۆفی، نوێنەری مامۆستایان بە 964ی وت، یازدە ساڵە ئەم گرفتە یەخەی گرتووین و دیارنییە کەی تەواو دەبێت، بەرپرسانی هەرێم و خانەقینیش کەس بە حاڵی ئەم میللەتە نازانێت.
لای خۆیەوە مامۆستا مونیر مەحمود بە 964ی وت، لە رۆژانی داهاتودا بازنەی ناڕەزایەتییەکە گەورەتر دەکرێت و حکومەت دەبێت تا زووە رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە، هاتنی مامۆستایەک بۆ بازاڕ بە گیرفانێکی بەتاڵەوە کەرامەت شکاندنێکە بۆخۆی، بازاڕیش هەمووی لەکارکەوتووە.
ئەمڕۆ 70 رۆژ بەسەر دوایین موچە تێپەڕ دەبێت، کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وەریانگرتووە و تا ئێستاش ئاسۆیەکی روون دیار نییە کە بەم نزیکانە موچە دابەش بكرێت و چاوەڕێ دەكرێت دووشەممەی داهاتوو دادگای فیدڕالی بڕیارێك بدات، ئەمە جگە لەوەی دانوستەكانی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی موچە و هەناردەی نەوتی كوردستان بووەتە كاری لیژنەیەك و چاوەڕێی ئەنجام و راپۆرتی لیژنەكە دەكرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا