دەروازەی نێودەوڵەتی زێت - وێنە: راگەیاندنی دەروازەکە
نە دەچن و نە دێن
لە دەروازەی زێت بەشێوەیەکی کاتی هاتوچۆی گەشتیاریی دەوەستی
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت کە سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیایە لە مێرگەسوور، دەیەوێ خەڵک ئاگاداربن، سبەینێ پێنجشەممە، تا کاتژمێر 1:00 هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەکەیان رادەوەستێ.
دەروازەکە نێودەوڵەتییە هاتوچۆ تێیدا 24 کاتژمێرییە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینیوویەتی دەڵێت، ئاگاداری هاوڵاتییان و گەشتیارانی سنوورەکەیان دەکەنەوە، کەوا سبەی پێنجشەمە 10.7.2025، بەلای کەمەوە تا کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ، دەروازەکەیان پێشوازی لە هیچ گەشتیارێک ناکات، واتە هاتوچۆ لە هەردوو دیووی سنوور نابێت.
ئەو رێکارەش بەهۆی هەبوونی کێشەیەکی تەکنیکیەوە لە دیوی کۆماری تورکیاوەیە.
دەروازەکە دەڵێ، ئەگینا لەلای ئێمەوە هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە،گرفتەکە زوو چارەسەر دەکرێت. داوای لێبوردنیش لە گشت هاوڵاتییان و هاموشۆکەرانی سنوورەکەمان دەکەین بەهۆی بوونی ئەم کێشەیە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنووری ناحیەی شێروان مەزن، لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە ئیدارەی سۆران، لە رۆژى 10.5.2023 کراوەتەوە بووەتە دەروازەیەکی نوێی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.