گەنجینەی زانکۆی گەرمیان
گەنجینەی زانکۆی گەرمیان
پڕۆژەیەک 11 ساڵە راگیراوە و بە دوو مانگ تەواو کرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
زانكۆی گەرمیان رایگەیاند، كۆگای گەنجینەی زانكۆكەیان، كە ماوەی 11 ساڵە كاركردن تێیدا راگیرابوو، توانرا بە دوو مانگ تەواو بكرێت و بكرێتەوە.
زانكۆی گەرمیان لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 7.7.2025 پرۆژەی کۆگای گەنجینەی زانکۆی گەرمیان لەلایەن سەرۆکی زانکۆ و بە ئامادەبوونی یاریدەدەران و مامۆستایانی زانكۆكە کرایەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە سەرۆكی نوێی زانكۆ پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ، لەگەڵ دەستبەكاربوونی هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆژە راگیراوەکانی زانکۆی گەرمیان و لەو نێوەندەشدا پرۆژەی دروستکردنی کۆگای گەنجینەی زانکۆ کە ماوەی 11 ساڵ کارکردن تێیدا راگیرابوو، لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا كاری تێدا كرایەوە و توانرا پرۆژەکە تەواو بکرێت.
دروستکردنی کۆگای گەنجینەی زانکۆی گەرمیان بە تێچووی 99 ملیۆن دینار بە رووبەری هەزار مەتر دووجا، لەلایەن بەشی ئەندازە و پرۆژەکانی زانکۆوە سەرپەرشتی و جێبەجێکراوە.
زانكۆی گەرمیان دەڵێت، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کارکردن لە دروستکردنی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ دەستپێبکاتەوە، کە ئەویش ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە کارکردن تێیدا راگیراوە.