"تیمێکی پسپۆڕی شارەزا سەرپەرشتی دەکات"
بۆ یەکەمجار لە ئامێدی یەکەیەکی راوێژکاریی کشتوکاڵی کرایەوە
هیڤی دێوالی – دهۆک
بۆ یەکەمجار یەکەیەکی راوێژکاری کشتوکاڵی لە کۆلیژی پەروەردەی بنیات لەقەزای ئامێدی کرایەوە و وتەبێژی زانکۆی دهۆکیش دەڵێت، چەندین خوڵ و پلانی زانستی بۆ جوتیارانی ناوچەکە دەکرێنەوە بە ئامانجی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ.
قەزای ئامێدی بەناوبانگە بە بەرهەمی میوە و هەنگوین و بەرووبوومی خوماڵی و ساڵانە بەرهەمێکی زۆر بەرهەم دەهێنرێت و لەناو بازاڕدا دەفرۆشرێن.
ئەمڕۆ دوشەممە 7.7.2025 ئیسمەت خابوور وتەبێژی زانکۆی دهۆک بە 964ـی وت، “بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک و وەک یەکەم هەنگاو، زانکۆکەمان یەکەیەکی راوێژکاری کشتوکاڵی لە کۆلیژی پەروەردەی بنیات لە ئامێدی بۆ جوتیارانی ناوچەکە کردەوە”.
وتیشی، ئامانج لە دامەزراندنی ئەو یەکەیە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و رەخساندنی هەلی کارە بۆ جوتیارانی ناوچەکە.
ئیسمەت خابوور ئاشکراشیکرد، یەکەکە لەلایەن تیمێکی راوێژکاری کشتوکاڵی سەرپەرشتی دەکرێت کە لە هەشت پسپۆڕی شارەزا پێکهاتووە و بەشداری چەندین خولی پێشکەوتوو و ئەکادیمیان لە وڵاتی ئەمریکا کردووە.
باسی لەوەشکرد، ئەوە یەکەم یەکەیە کە لە قەزای ئامێدی دەکرێتەوە و ئەگەر سەرکەوتوو بێت، لە قەزاکانی دیکەی دهۆکیش ئەو کارە دەکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری