هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە
یەک مانگ بەسەر خنکانی ئارڤانی تەمەن حەوت ساڵ تێپەڕی
964+
شۆڕش قادری
یەک مانگ بەسەر خنکانی ئارڤانی تەمەن حەوت ساڵ تێپەڕی و هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ئێوارەی رۆژى 6.6.2025 و لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بە ناوی ئارڤان سیهاد و دانیشتووی ناحیەی دێرەلوک لە سنوری قەزای ئامێدی، کەوتە ناو رووباری زێی گەورە و تائێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6.7.2025 بێوار عەبدوڵعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە 964ـی وت، “تا ئێستاش تیمەکانی بەرگری شارستانی شیلادزێ و دێرەلوک رۆژانە چاودێری رووبارەکە دەکەن، بەڵام هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک تیمەکانی بەرگری شارستانی دهۆک دوای هەفتەیەک لە رووداوەکە، کۆتاییان بە گەڕانەکانیان هێناوە.
دوێنێش بەرگری شارستانی سۆران کۆتایی بە گەڕان بەدوای تەرمی مامۆستا ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ هێنا کە 5.4.2025 کەوتەناو رووباری تەنگاتور و خنکا، بەغیاب نوێژی مردوو بۆ مامۆستا ئاڤێستا خوێنرا و کەیسەکەی داخرا.