"زیاتر لە 200 دۆنم پوش و پەڵاش و دار سنەوبەر سووتاوە"
لەدوێنێوە دارستانی ناحیەی زاویتە دەسووتێت و ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
زیاتر لە 23 کاتژمێرە ئاگر لە دارستانی ناحیەی زاویتە کەوتووەتەوە، وتەبێژی بەرگری شارستانیش دەڵێت، زیاتر لە 200 دۆنم پوش و پاوەن و دار سنەوبەر سووتاوە.
لە دوێنێ پێنج شەممە 2025.7.4، کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆوە، بەهوکارێکی نادیار ئاگر لەدارستان و شاخی چیای زاویتە کەوتووەتەوە، لەو کاتەشەوە، تیمەکانی ئاگرکۆژێنەوە بەهەماهەنگی پێشەمەرگەی ژینگە، پۆلیسی ژینگەی پارێزگای دهۆک و بەشێک لەدانیشتووانی ناحیەی زاویتە هەوڵی کونترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام تا ئێستا بەردەوامە و کونترۆڵنەکراوە.
عەبدولستار عەبدولحەمید، وتەبێژی هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە لە دهۆک بە 964ـی وت، هەوڵێکی زۆرمانداوە بۆ کونترۆڵکردنی، بەڵام تا ئێستا ئاگر لە هەندێک بەشی دارستانەکە ماوە و کونترۆڵنەکراوە.
وتیشی، شەوی رابردوو 95%ی ئاگرەکە کونترۆڵکرا، بەڵام بەهۆی رەشەبای بەهێزەوە بەیانی ئەمڕۆ دووبارە ئاگر لە سنەوبەرەکانی دارستانی ناحیەی زاویتە کەوتووەتەوە و بەشێکی زۆری داری سروشتی و داری سنەوبەر و پووش پاوان سووتاون و بەشێک لە ئاژەڵەکانیش تەنگەنەفەس بوون.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی پاڕێزگای دهۆکیش بە 964ـی راگەیاند، لەدوێنێوە ئاگر لە دارستان و شاخی ناحیەی زاویتە کەوتەوە و دەسووتێت، و حەوت تیمی ئاگرکوژێنەوە بە بەردەوامی کاردەکەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و تا ئێستا کونترۆڵکراوە.
وتیشی، زیاتر لە 200 دۆنم پووش و پەلاش و بەشێکی زۆر دار سنەوبەر سووتاون و زیانێکی زۆر بە دارستانەکە کەوتووە.
ناحیەی زاویتە بە داری کاژ و سنەوبەر بەناوبانگە، دەکەوێتە قەزای دهۆک لەسنووری پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر