گەرمیان

درۆنێک کەوتە خوارەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

کاتژمێر 3:40 خولەکی دوای نیوەڕۆ – راگەیاندراوی ئاسایشی هەرێم

سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە روونکردەوەیەکدا وتی، لە کاتژمێر 1:20 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک ناحیەی کۆکسی سنووری گەرمیان کەوتە خوارەوە.

باسی لەوەشکردووە، دەستبەجێ تیمەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

لە کاتژمێر 2:36 خولەکی نیوەڕۆ نوێکراوەتەوە

سەرچاوەکەی ئاسایشی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، ئەوەی کەوتووەتە خوارەوە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانە و دوو موشەکی پێوەیە کە نەتەقیونەتەوە.

وتیشی، گومان دەکەین بەنزینی پێ نەمابێت بۆیە کەوتبێتە خوارەوە، چونکە تانکی بەنزینەکەی بەتاڵە و ئێستا لەلایەن ئۆپەراسیۆنی سلێمانییەوە گوازراوەتەوە.

روونیشیکردەوە، ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە دوورە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانەوە و هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە.

زانیاری پێشوو:

دەنگۆی ئەوە هەیە درۆنێک لە گەرمیان کەوتووەتە خوارەوە.

لە گوندی سەید مارەڵای ناحیەی کۆکزی سنووری گەرمیان درۆنەکە کەوتووەتە خوارەوە.

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی گەرمیان بە 964ـی وت، هەواڵمان پێگەیشتووە کە درۆنێک کەوتووەتە خوارەوە و تا ئێستا پاشماوەکەیمان نەدۆزیوەتەوە و بەدوایدا دەگەڕێین.