"هەشت ملیۆن دینار زیانی کردووە"
کێڵگە شوتی جوتیارێک خێری نەدایەوە و هەمووی نەخۆشی لێیداوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
جوتیارێک لە گوندی بێماوەی پێنجوێن، حەوت دۆنم زەوی بە شووتی داچاندبوو، بەڵام نەخۆشییەک وای کرد یەک شوتی ساغی بۆ دەرنەچێ، لەگەڵیدا زیانی هەشت ملیۆن دیناری بەرکەوت.
شۆڕش مەحمود لە ساڵی 2012 وە سەرقاڵی جوتیارییە و ئەو جوتیارەیە کە زیانی بەرکەوتووە.
ئەو دەڵێت، 10 نەواری “نەوارێک هەزار مەترە”، لە کێڵگە شوتییەکەی لە پڕ نەخۆشیی تێکەوتووە، نەخۆشییەکە قەدی شوتییەکەی زەردکردووە و ناوەوەی شوتییەکەی خراپ کردووە، بەهیچ جۆرێکیش چارەسەری ئەو کێشەی بۆ نەکراوە.
شۆڕش مەحمود باسی لەوەشکرد، هەر لە لەپاڵ ئەو زەوییە کە بەکرێ گرتوویەتی، شوتی دیکەی هەیە و هیچ گرفتی نییە و ئەوەش بە قەزا و قەدەری خۆی دەزانێ، ئەو وتی، دواتریش نائومێد نەبووین و ئەمڕۆ زەوییەکەیان بە کاڵەک چاندووە.
هەندێ کەس باس لەوە دەکەن کە دەرمان بووەتە هۆکاری ئەوەی شووتیەکە لە ناو چووە، بەڵام شۆڕش رەتی کردەوە و وتی، ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە و تەنیا نەخۆشییەک لێیداوە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە.
ساڵانە کۆمەڵێک نەخۆشی بەرۆکی جوتیارانی پێنجوین دەگرێت و زیانیان بەردەکەوێت بەهۆی ئەو نەخۆشیانەوە و ئەمساڵیش بەهۆی وشکەساڵییەوە کوللـە و چەند کرمێک زیانی بە جوتیاران گەیاند.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا