دەربەندیخان بووە خاوەنی ماستەرپلان

چیتر ئەم ٣٥٠ ماڵە زیادەڕۆ نین

قەزای دەربەندیخان – Social Media

964+

هێمن بەکر – هەولێر

دەربەندیخان بووە خاوەنی ماستەرپلان، دەبێت لەمەودوا ئەو کارگانەی دەبنە هۆی پسیبوونی ژینگە بچنە دەرەوەی شارەکە.

 قەزای دەربەندیخان دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانی و ٦٧ کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی پارێزگاکە.

 پێشتر دەربەندیخان تەنیا چوار گەڕەک بووە، هیچ نەخشەیەکی بنەڕەتیی نەبووە، هەربۆیە ئەمە یەکەمجارە ماستەرپلانی بۆ دابنرێت لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق.

 نەخشەکە لەلایەن شارەوانی سلێمانی و شارەوانی دەربەندیخان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکەی دەڤەرەکە کێشراوە.

“واژۆی کۆتایی لەسەر کراوە”

 سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخان بە میدیازانی راگەیاند، شەوی رابردوو دوایین واژۆی لەسەر نەخشەی نوێی فراوانبوونی قەزاکەی کردووە.

 زیاتری وت، “ماوەی چەندین ساڵە دەربەندیخان خاوەنی نەخشە نییە، دوای فراوانبوونی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان هەر لەسەر نەخشەی کۆن بووە، دوای رووخانی رژێمی بەعس ئەوە یەکەمجارە دەربەندیخان دەبێتە خاوەنی نەخشە و ماستەرپلان.”

 باسی لەوەش کرد، لە ماستەرپلانی نوێی دەربەندیخاندا پێویستە سەرجەم ئەو کارگانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، لە سنووری قەزاکە بچنە دەرەوە.

 ماستەرپلانەکە رووبەری دوو هەزار و ٩٦٦ دۆنم زەوی دەبێت، دوو گوند، گەڕەکی سیروان لە کەمپی خوار، گەڕەکی سەلیم پیر، کۆمپانیای روناکی و نۆژەن سیتی دەکەونە ناوییەوە، کە پێشتر بەشێک نەبوون لێی.

“٣٥٠ ماڵ چیتر زیادەڕۆ نین”

 بە قسەی کازم کەریم، لێپرسراوی هونەری لە شارەوانی دەربەندیخان بۆ میدیازان، لە گەڕەکی سیروان نزیکەی ١٥٠ ماڵ و لە گەڕەکی سەلیم پیر نزیکەی ٢٠٠ ماڵ هەن، کە پێشتر زیادەڕۆ بوون و لەمەودوا بە زیادەڕح هەژمار ناکرێن.

میدیازان دەزانێت، نەخشەپلانی نوێی دەربەندیخان تەواوبووە و لە بەردەستی شارەوانی شارەکەدایە، ئەوانیش دەستیانکردووە بە کارکردن تێیدا.

 ژمارەی دانیشتووانی دەربەندیخان نزکەی ٦٠ هەزار کەسە بە ناوەندی قەزاکە و سەرجەم گوندەکانی دەوروبەری.