ئەوقاف لەسەر سووکایەتیکردن بە ئیسلام کەسێک دەداتە دادگا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و پێغەمبەرەکەی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک سکاڵا لە دژی کەسێک تۆمار دەکات، پارێزگاری شارەکەش دەڵێت “بێڕێزیکردن لە هیچ کەسێک بەرامبەر هەر بیروباوەڕێک بێت جێگەی قبوڵکردن نییە.”

،ئەمڕۆ هەینی 17.2.2023عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی ئەو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆک سکاڵا لە دژی کەسێک تۆمار دەکات، کە “سووکایەتی” بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام کردووە.

بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، مەترانی دهۆکی کریستانەکانیش سکاڵا لەسەر هەمان کەس تۆمار بکات.

ئەو کەسەی بە سووکایەتیکردن بە ئاینی ئیسلام تۆمەتبار دەکرێت، ناوی “بەهزاد مزووری”یە کە خۆی وەکو قەشەیەکی کریستیان دەناسێنێت.

شەوی پێنجشەممە رێکەوتی 16.2.2023، بەهزاد مزووری لە سۆشیاڵ میدیا هێرشی توندی کردە سەر ئایینی ئیسلام و محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د. خ)، ئەوەش کاردانەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک مامۆستای ئایینی هێرشیان کردە سەری.

لە راگەیەندراوەکەی پارێزگاری دهۆکدا هاتووە: لەسەر فەرمانی پارێزگاری دهۆک، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی دهۆک لە دادگا سکاڵا لەسەر ئەو کەسە تۆمار دەکات، کە سووکایەتی بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام کردووە.

“لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیان و رێزگرتنی بەرامبەر هەیە، بێڕێزی لە هیچ کەسێک بەرامبەر بە هیچ بیروباوەڕێک قبوڵکراو نییە،” پارێزگاری دهۆک وا دەڵێت.