سێ دزن و چەکیشیان پێبووە

50 ملیۆن دینار و زیاتر لە 22 هەزار دۆلاریان دزی؛ دەستگیر کران

شۆڕش قادری

سێ دز لە سەیدسادق 50 ملیۆن دیناری عێراقی و زیاتر لە 22 هەزار دۆلاریان دزی، بەڵام بۆیان نەچووەسەر و دەستگیر کران.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، “دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە لە ماڵەکەی دزی لێکراوە و پارەی لێ براوە، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچونەکانیان دەستپێکردووە و دوای لێکۆڵینەوەکان توانراوە لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەید سادقەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیر بکرێن”.

ئاماژە بەوەش کراوە، دزەکان بڕی 50 ملیۆن دیناری عێراقی و 22 هەزار و 500 دۆلاری ئەمریکییان لە ماڵی سکاڵاکار دزیوە و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا، دەستیش بەسەر دوو چەک لە جۆری دەمانچە و دوو ئۆتۆمبێل و بڕێک لە پارە دزراوەکەدا گیراوە.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، تۆمەتباران بەناوەکانی (ش، س، ع) و (ر، م، أ) و  (م، ج، ن) بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە گەڵیان بەردەوامە.