كێ بوون؟

مووشەکەکان لە سنووری ناحیەی تازەوە ئاراستەی کەرکوک کرابوون


کاروان ساڵحی-کەرکوک

ئەو مووشەکانەی ئاراستەی ناو شاری کەرکوک کران، لە جۆری 122 میلم بووە و لە ساڵی 2023 بەرهەمهێنراوە، بەپێی قسەی بەرپرسێکی حەشدی شەعبی بۆ 964 مووشەکەکان لە ناحیەی تازەوە ئاراستەی کەرکوک کراون و دەستیش بە لێکۆڵینەوە کراوە.

رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک شەوی رابردوو دوای هێرشەكان، سەردانی ئەو ماڵەی گەڕەکی عروبەی کرد کە موشەکەکە کەوتبووە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیان و بە 964 و رۆژنامەنووسانی دیکەی راگەیاند، شوێنی ئاراستەکردنی مووشەکاکان دەستنیشانکراوە و نایانەوێت بکەونە پێش لێکۆڵینەوەکان، بەڵام ئەو مووشەکانەی ئاراستەی ناو شار کراوە، وەڵامێکە بۆ ئەوەی کە ماوەی 24 کاتژمێر بەر لە ئێستا سێ بەرپرس لە چەکدارانی داعش کوژران، هەروەها بارودۆخی ئەمنی کەرکوک زۆر باشە، بەڵێن بەو ماڵەش دەدەن، کە مووشەکیان بەرکەوتووە، زیانەکانیان بۆ قەرەبوو بکەنەوە.

ئەبو ئاسیا حەمداوی ئامر فەوجی شەهید ئەبو مەهدی موهەندیس لە لیوای 16حەشدی شەعبی  بە 964ـی وت، “مووشەکەکان لە سنووری ناحیەی تازەوە ئاراستە کراوە، چەکدارانی داعش تەنیا بۆ ئەوەیانە بڵێن ئێمە هەین، بە شێوەی هەڕەمەکییش ئاراستەیان کردووە”.

هەردی سەمەد بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک بە964ـی ت، کەوتنەخوارەوەی ئەو مووشەکانە هیچ زیانێکی بە فڕۆکەخانەکە نەگەیاندووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەی گەشتەکان نەکراوە بەهەمان شێوەی پێشوو بەردەوام دەبێت.

یەکێک لەو سەرچاوە ئەمنییانەی شاری کەرکوک کە بەردەوام زانیاری راست و دروست  بە 964 دەدات، وتی، چەند پارچەیەکی مووشەکێك لە سەر شەقامێکی نزیک ‌ئەو ماڵەی گەڕەکی عرووبە کەوتووە، دەرکەوتوە لە جۆری روکێت GRT
122میلمە و لە ساڵی 2023 بەرهەمهێنراوە، درێژییەکەی کەمتر لە یەک مەتر و نیوە و کێشی 76 کیلۆیە و نزیکەی 30 کیلۆمەتر دەڕوات مووشەکێکی پێشکەوتووە، واتا دەستکرد نییە.
شەوی رابردوو سێ مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی كەركوك کرا، بەهۆیەوە کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانە بە سووکی بریندار بووە و مووشەکێکی دیکەی کەوتە نهۆمی دووەم، ماڵی هاوڵاتییەکیش لە گەڕەکی عرووبە تەنیا زیانی ماددی بەركەوت، دوای ئەوەی مووشەكێك بەر ماڵەكەی كەوت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا