یاریگەی فرانسۆ هەریری
پارێزگاری هەولێر:
“ئەمشەو سوپرایزمان بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری هەیە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەر ئەمشەو دوای یارییەكەی هەولێر و كەرخ، سوپرایزیان دەبێت سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری.
ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ یەكشەممە 29.6.2025 لە بۆنەی خەڵاتكردنی تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە وەرزی داهاتوو یانەی هەولێر بە شێوەیەكی باشتر دەگەڕێتەوە مەیدان و پێداویستی و داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكەن.
وتیشی، سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی یاریگەی یانەی هەولێر “یاریگەی فرانسۆ هەریری”، هەر ئەمشەو لە دوای یارییەكەی هەولێر و كەرخ، سوپرایزمان دەبێت و وردەكارییەكانی نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە دەخەنەڕوو.
ئاماژەی بەوەش دا، كە بودجەی پێویست بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی لەسەر دراوە و خەرجییەكانی دابین كراوە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری 964، هەندێك ئامێر و كەلوپەلی پێویستی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە، وەك شۆفڵ و حەفارە لە ئێستاوە گەیشتوونەتە یاریگە و لە دوای یارییەكە چیمەنی یاریگەكە هەڵدەگیرێت و كارەكانی نۆژەنكردنەوە دەستپێدەكات.
ئومێد خۆشناو سەبارەت بە هەڵبژاردنی دەستەی كارگێڕێی یانەی هەولێر ئاشكرای كرد، كە ئامادەكارییەكان تەواو كراون و بەم زووانە هەڵبژاردن دەكرێت.
ئەم ئێوارەیە یانەی هەولێر دوایاریی ئەم وەرزەی لە یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی كەرخ ئەنجامدەدات لە خولی ئەستێرەكانی عێراقدا و یەك یاریی دیكەی دەمێنێت، كە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا دەبێت.