قۆناغی یەكەم تەنیا چیمەنەكە

یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

یاریگەی نێودەوڵەتی فرانسۆ هەریری لە هەولێر نۆژەندەكرێتەوە و وەک قۆناغی یەکەمیش، چیمەنی یاریگەكە دەگۆڕدرێت.

پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو بە 964ی راگەیاند، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی دا بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری.

وتیشی، “شەوی رابردووو سەردانی یاریگەكەمان كرد و لەگەڵ ستافی مەشق و یاریزانانی یانەی هەولێر كۆبووینەوە، بۆ ئەوەی بزانین چ كاتێك دەست بە كارەكانی نۆژەنكردنەوە بكەین، چونكە ئێستا یانەكە لە ناو خولی عێراقە و پێویستی بە یاریگەكەیە.

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو لە قۆناغی یەكەمی نۆژەنكردنەوەكەدا چیمەنی یاریگەكە دەگۆڕین و بەمزووانە دەستپێدەكەین، دواتریش قۆناغی دووەم كە هەموو یاریگەكە دەگرێتەوە.

یاریگەی نێودەوڵەتی فرانسۆ هەریری، یاریگەی سەرەكی و گەورەی شاری هەولێرە و هاوكات یاریگە و بارەگای یانەی هەولێریشە، لە ساڵی 1956 و پێش دامەزراندنی یانەی هەولێر دروست كراوە و پێشتر ناوی یاریگەی “ئیدارەی خۆجیەتی” بوو.

لە ساڵی 1998 لە لایەن پارێزگاری ئەوكاتی هەولێر فرانسۆ هەریری گەورەكرا و نۆژەنكردنەوەی بۆ كرا و هۆڵی بۆ زیادكرا، لە ساڵی 2001 دوای تیرۆركردنی فرانسۆ هەریری، یاریگەكە بە ناوی ئەوەوە كرا، كە لە ماوەی رابردووش چەند جارێكی دیكەش نۆژەنكراوەتەوە، هەروەها لە 2009 كرایە یاریگەیەكی نێودەوڵەتی و تا ئێستا جگە لە یاریی خول و پاڵەوانیەتییەكانی ناوخۆیی، دەیان یاری نێودەوڵەتیی هەڵبژاردەی عێراق و پاڵەوانیەتییە عەرەبی و ئاسیاییەكانی لێ بەڕێوەچووە.

ئەمڕۆ

ئەمڕۆ "كاپتن فەیزۆ" بۆ دواجار سەردانی یاریگەی فرانسۆ هەریری دەكات