"ئەمریکا هەڕەشەی لە بانکەکان کردووە"
چوار رۆژە موچەی حەشدی شەعبی دابەش نەکراوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
زیاتر لە چوار رۆژە موچەی دەستەی حەشدی شەعبی لە تەواوی عیراق دواکەوتووە و دابەشنەکراوە، باس لەوە دەکرێت هۆکاری دابەشنەکردنی موچەکە بۆ سزای ئەمریاکا و هەڕەشەی بۆ بانکی رافیدەین دەگەڕێتەوە.
ئەمیر گەیلان خاوەن یەکێک لە نوسینگەکانی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عیراق بە 964ـی وت، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هەیە بانکی رافیدەین ئامادەنیە موچەکان بدات بەهۆی مەترسی هەڕەشەکانی ئەمریکا کە تەواوی بانکەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە دەخرێنە لیستی رەشەوە، بۆیە ئامادەنیە ئەو سزایە بخاتە ئەستۆی خۆی.
چەند بەرپرسێکی باڵا لە ناو حەشدی شەعبی بۆ 964 باسیان لەوە کرد، لەلایەن بانکی ناوەندیەوە تەمویلی بانکی رافدەین نەکراوە و بڕیارە سبەینێ یەکشەممە موچەکانیان دابەزێتە سەر هەژمارە بانکیەکەیان.
لەتەواوی عیراق 34 لیوای تایبەت بە حەشدی شەعبی هەیە کە نزیکەی 350 هەزار چەکدار دەبێت، کەمترین موچە ملیۆنێک و 418 هەزارە و بەرزترینیان 2 ملیون و 500 هەزار دینارە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی