كتێبی "مارەکانی هەرێمی کوردستان" بڵاوكرایه‌وە

“ره‌شمار”ه‌ تێكئاڵاوه‌كان عاشق نین بەڵکو دوو مارى نێره‌ن و شه‌ڕ ده‌كه‌ن

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

کتێبی مارەکانی هەرێمی  کوردستانی عێراق كه‌ چه‌ند توێژه‌رێك كاریان له‌سه‌ر كردووه‌ چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌ و زانیاری وردى له‌سه‌ر ماره‌ تێدایه‌، كتێبه‌كه‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ ماره‌كانى عاشقە و ماشقە كاتێك لێكده‌ئاڵێن هیچ پەیوەندی بە خۆشەویستیەوە نیە و به‌ڵكو ئه‌وه‌ دوو ماری نێرن له‌سه‌ر ناوچەگەرێتی شەڕدەکەن.
کتێبەکە لە لایەن چەند توێژەرێکی ناوخۆیی و دەرەکی بە زمانی کوردی و ئینگلیزی نووسراوە و لە دەزگایەکی نێودەوڵەتی بواری خشۆکەکانكه‌ به‌ ده‌زگاى Chimaira  ناسراوه‌، لە وڵاتی ئەڵمانیا چاپکراوە.
سۆران حه‌مه‌ عه‌لى ئه‌حمه‌د، یه‌كێك له‌ توێژه‌ره‌كانه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ دانیال جه‌بلۆنسكی، كۆرش ئارارات، سۆما ئیسماعیل مه‌جید و سامان عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌حمه‌د، كێبه‌كه‌یان نووسیوه‌، له‌ فه‌یسبووكه‌كه‌ى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئامانج له‌ نووسینی کتێبەکە پاراستنی سەلامەتی خەڵکە و ئاشنابوونیانە بە مارەکانی کوردستان و جەختکردنەوەیە لە گرنگی و پاراستنیان.
کتێبەکە، زانیاری وردی تێدایە لەسەر سەرجەم ئەو مارانەی لە کوردستان هەن یان پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا بدۆزرێنەوە کە خۆیان دەبیننەوە لە 41 جۆردا، هەروەها دوو جۆر لە مارمێلکەی بێقاچ کە زۆرجار بە هەڵە وەک مار دەناسرێنەوە.
له‌ ناوەڕۆکی کتێبەکەدا ئاماژه‌ به‌ مێژووی توێژینەوەی خشۆک و وشکاوەکیەکان لە کوردستانی عێراقدا، جوگرافیا و جوگرافیای زیندەیی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ئەفسانەکانەوە بۆ ڕاستی: مارەکان لە ئەفسانەکان، کلتوور و راستیەکاندا، شارەزابوون و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ مارەکاندا (چۆنێتی خۆپاراستن، گەڕان، وێنەگرتن، توێژینەوە لەسەر مارەکان) ، مارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، رەچەلەکیان، هەمەجۆریان، و شێوازی بڵاوبوونەوەیان،  مارە مەترسیدارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق،  مەترسیەکان لەسەر مارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و شێوەزانی مارەکان و پوولەکەکانیان.
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لە بەشی جۆرەکاندا هەر مارێک کۆمەڵێک زانیاری لەسەردراوە لەگەڵ نەخشەی بڵاوبوونەوەی و چەند وێنەیەکی کواڵیتی بەرز بۆ ناسینەوەی جۆرەکە.
زانیاریکان بریتین لە، ناوی زانستی، ناوی کوردی و ئینگلیزی، هەڵسەنگاندنی مانەوەیان بەپێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت  IUCN، مەترسی بۆ مرۆڤ، تایبەتمەندیە بنچینەیەکانی مارەکە، سروشتی ژیان و خۆراک، شێوازی زۆربوون، نشینگەی ژینگەیی، بڵاوبوونەوەو و پۆلێنکردن (لەسەر ئاستی دابەشبوونی جوگرافی و بۆماوە مادە) و مەترسیەکان لەسەر مارەکە.
كتێبه‌كه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ لەناو ئەو مارانەی کە ئێستا تۆمارکراون، تەنها سێ جۆریان ژەهری کوشندەیە و مەترسی هەیە لەسەر مرۆڤ، لەو سێ جۆرەش تەنها یەک جۆریان بەربڵاوە و مەترسیدارە لە سەرجەم ناوچەکانی  کوردستاندا.
چەند جۆرێکی مار تایبەتن بە زاگرۆس لە هیچ ناوچەیەکی دیکە لە جیهاندا نادۆزرێنەوە، بۆ نموونە ماری زێبرای زاگرۆسی.
کوردستان لەڕووی هەمەجۆری مارەکانەوە زۆر دەوڵەمەندە سەرباری ئەوەی کاری مەیدانی پێویست ئەنجام نەدراوە و لە داهاتودا دەکرێت جۆری نوێ تۆماربکرێت.
عاشقە و ماشقە، ئەفسانەی ناو کوردەواری کە دەڵێن گەر یەکێکیان بکوژرێت ئەوەیتر تۆڵە دەکاتەوە! لە راستیدا ئەو دوو مارەی لێکئاڵاون و پێیان دەڵێین عاشقە و ماشقە هیچ پەیوەندی بە خۆشەویستیەوە نیە و دوو ماری نێرن کە لەسەر زاڵبوون و ناوچەگەرێتی شەڕدەکەن لە وەرزی جووتبوونی مارەکاندا.
بۆ دەستکەوتنی کتێبەکە دەتوانن بە ئۆنلاین بیکڕن یان پەیوەندیمان پێوەبکەن چەند کۆپیەکمان کڕیوە و لامان بەردەستە.
لینکی کتێبەکە:
Snakes of the Kurdistan region of Iraq https://share.google/rgdUBMTwHZ5d5UID9