کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر
15 هەزاری دیکە هێشتا لە کوچە و کۆڵان بەڕەڵان
زیاتر لە 17 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراونەتەوە
964+
شۆڕش قادری
رۆژانە زیاتر لە 50 سەگی بێلانە لە کوچە و کۆڵانەکانی هەولێر کۆدەکرێنەوە و لە ماوەی ساڵێک و 10 مانگدا زیاتر لە 17 هەزار سەگ کۆ کراونەتەوە و براونەتە شێڵتەر، هێشتا 15 هەزاری دیکەش ماون.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە کۆڵان و شەقامەکانی پایتەخت بەردەوامە و رۆژانە دوو تیم زیاتر لە 50 سەگ کۆدەکەنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی ساڵێک و 10 مانگدا زیاتر لە 17 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراوەتەوە و براونەتە نێو شێڵتەر، بە نزیکەیی 15 هەزاریش ماون، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی دەورووبەری هەولێر.
لە رۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە، پزیشکی ڤێتێرنەری نەشتەرگەریی بۆ سەگە بێلانەکان دەکات، دوای نەشتەرگەریکردنیان دەگەڕێندرێنەوە شوێنەکانیان، تا ئێستاش زیاتر لە حەوت هەزار سەگی بێلانە نەشتەرگەریان بۆ کراوە و لە شێڵتەر دەرچوون.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکەی پارێزگای هەولێر، بەکردنەوەی ئەو شێڵتەرە و تا دوو مانگ پێش ئێستا، رێژەی گەستنی سەگ 47٪ کەمیکردووە.
بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەری سەگی بێلانە بە گوژمەی 455 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی دروستکراوە و رۆژانە چەندین تیمی پزیشکی ڤیتێرنەری و کارمەندی تایبەت تێیدا کار دەکەن.