خێزانێک خەریکی ماسی برژاو فرۆشتنن

964+
سەعید محەمەد – هەولێر

لە هەولێر خێزانێکی پێنج کەسی لە نزیک زێی گەورە لە ناحیەی کەڵەک خواردنگەیەک بەڕێوەدەبەن و ماسی برژاو دەفرۆشن، ئێستا کارەکەیان سەرکەوتوو بووە و خواستێکی زۆر لەسەر ماسییەکەیان هەیە.

فارس نوری لەگەڵ دالیا رامز، هاوسەری یەکترن، لە نزیک زێی گەورە لە ناحیەی کەڵەک خواردنگەیەکی تایبەت بەخۆیان کردووەتەوە و ماسی ئامادەدەکەن، هەردوو هاوژین لەگەڵ سێ منداڵیان خواردنگەکە بەڕێوەدەبەن.

فارس نوری تەمەن 49 ساڵ لەگەڵ هاوژینەکەی حەوت ساڵ لەمەوبەر خواردنگەکەیان کردووەتەوە، سەرەتا تەنیا ماسی زیندوویان بە کیلۆ فرۆشتووە، بەڵام ئێستا ماسییەکان بە خەڵوز دەبرژێنن بۆ كڕیاره‌كانیان.

“سەرەتا ئێمە تەنیا ماسی زیندوومان بە کیلۆ دەفرۆشت، دواتر خەڵک داوایان کرد بۆیان ببرژێنین بە ئاگر، ئێمەش داواکاری خەڵکمان جێبەجێکرد” فارس نوری وای بە تۆڕی 964 وت.

ئێستا خواستێکی زۆر لەسەر ماسییەکەی فارس نوری و هاوژینەکەی هەیە، بە وتەی خۆیان رۆژانە نزیکەی 200 کیلۆ ماسی دەفرۆشن و مشتەرییەکان بەزۆری بە تەلەفۆن داوای دەکەن.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر