سەیدسادق
سەرچاوەی ئاوی سەرای سوبحاناغا لەلایەن هاوڵاتیانەوە پاککرایەوە
+964
بروا مەجید – سەیدسادق
گوندی سەراوی سوبحان ئاغا بە دووریی دوو کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری قەزای سەیدسادق، لەگوندەکەدا سێ سەرچاوەی ئاو هەیە، کە یەک سەرچاوەیان تایبەتە بە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، دوو سەرچاوەی دیکە، کە ئاوەکەیان بۆ مەلەکردنی گەنجان و کشتوکاڵکردن سوودی لێ دەبینرێت، ئەمڕۆ هاوڵاتیان خۆیان پاکیان کردەوە
ئیبراهیم غەریب، هاوڵاتییەکی سەیدسادقە و بۆ 964 وتی، “کۆمەڵێک هاوڕێ و مامۆستا و دانیشتووی گوندی سەراوی سوبحان ئاغا و قەزای سەیدسادق، بەیانی ئەمڕۆ 26.6.2025 کاتژمێر شەش دەستیان پێکرد، تا یازدەی نیوەڕۆ بەشێکی باشیان پاککردەوە، هەرچەند بە دوو رۆژیش بە تەواوی زەحمەتە پاک بێتەوە، چونکە سروشتی ئەو سەرچاوە ئاوییانە وان و زوو قەوزە و پیسی دەیانگرێتەوە، بەڵام ئەمەیان ساڵێک دەبوو پاک نەکرابووەوە”.
ئەوەشی وت، “بەپێویستمان زانی دەست بکەین بە پاککردنەوەی سەرچاوەکە، چونکە رۆژانە سەدان گەنجی قەزای سەیدسادق و گوندەکانی دەوروبەری دێن بۆ سەردان و سەیران و مەلەکردن لەوێدا، بۆ ئەوەی زیانی گیانی نەبێت و کەس بەهۆی پیسبوونی ئاوەکەوە نەخۆش نەکەوێت ئەو کارەمان کرد”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا