دۆلارە ساختەکانی هەولێر دۆزرانەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە هەولێر کەسێک لەسەر ساختەکردنی پارە و مامەڵەکردن بە پارەی ساختە دەستگیرکرا، پۆلیسی هەولێر دەڵێت تۆمەتبارەکە خەڵکی ئێرانە و شوێنی نیشتەجێبوونی تورکیایە.

ئەمڕۆ هەینی 17.2.2023، پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا وتی، کەسێک دەستگیرکرا کە بڕی 12 هەزار دۆلاری ساختەی پێبووە.

“دەست بەسەر سەرجەم پارەکاندا گیرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخرا و بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر کرا،” پۆلیسی هەولێر وا دەڵێت.

رۆژی 12.2.2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ماوەیەكە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و داواشی کرد هاوڵاتیان زیاتر چاو کراوە بن لەکاتی مامەڵەکردن بەجۆرەکانی دراو تا تووشی زیان نەبن.

بڕیاریشە خولی هۆشیاری بۆ فەرمانگەکان و نوسینگە و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکرێتەوە تا هەمووان زیاتر بەئاگا بن لە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە و مەترسییەکانی.