عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران - وێنە؛ تەسنیم
"لە داهاتوودا بڕیاری کۆتایی دەدەین"
عێراقچی: تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست نییە
964+
شۆڕش قادری
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنەکان نییە.

ترەمپ: ئیسرائیل و ئێران رێککەوتن شەڕ رابگرن
دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، عەباس عێراقچی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، “هەروەک چەندین جار ئێران روونیکردووەتەوە، ئێسرائیل شەڕی دژبە ئێرانی دەستپێکرد و پێچەوانەکەی راست نییە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا هیچ رێککەوتنێک لەبارەی ئاگربەست یان راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەئارادا نییە، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل دەستدرێژییەکانی بۆسەر گەلی ئێران رابگرێت، ئەوانیش هیچ کاردانەوەیەکیان نابێت.
عێراقچی دەشڵێت، لە داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەبارەی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەدەن.
دوای 12 رۆژ لە هێرشی موشەکی و ئاسمانی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران ، شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا رایگەیاند کە ئیسرائیل و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی تەواو بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕێک کە ناوی ناوە “جەنگی 12 رۆژە، بەیانی ئەمڕۆش رادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، پشتڕاستی کردەوە کە ئاگربەستەکە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.