ئێران بەنیازە هاوكارییەكانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رابگرێت
كراوە بە پڕۆژەیاسا
ئێران چیتر هاوكاریی ئاژانسی وزەی ئەتۆم ناكات
964+
محەمەد فاتیح
لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی لە پەرلەمانی ئێران رازی بووە لەسەر هێڵە دیارەكانی پڕۆژەیاسایەک، کە ئامانج لێی هەڵپەساردنی تەواوەتی هاوکارییەکانی تارانە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
ئیبراهیم رەزایی، وتەبێژی لیژنەكە بڵاویكردەوە بەپێی رەشنووسی یاساکە، دانانی کامێرای چاودێری، پشکنین، پێشكەشكردنی راپۆرت بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رادەگیرێت، چونكە ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکان پارێزراو نەبوون و پەرلەمان دەبێت لە دانیشتنێكی گشتیدا پڕۆژە یاساکە پەسەند بکات.
دامەزراوەی كوورەی ئەتۆمی فۆردۆ، ئەمڕۆ دووشەممە بۆ جاری دووەم هێرشی كرایە سەری، دوای ئەوەی ئەمریكا دوو رۆژ لەمەوبەر بۆ جاری یەكەم هێرشی كردە سەر.
ئەم قسانەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رافائێل گرۆسی داوای كرد رێگەیان پێبدەن سەردانی وێستگەی فۆردۆ بكەن، ئاشكراشی كرد یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەمباركراوی ئێران 60%ـە و پێشی وایە وێستگەكە زیانی زۆری بەركەوتووە.