تەرمى ئارڤان نەدۆزراوەتەوە
یەکەم رۆژى جەژن خنکا؛ سبەینێ پرسەى بۆ دادەنێن
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
ئارڤانى تەمەن حەوت ساڵان لەیەکەم رۆژى جەژن لە زێى گەورەى سنوورى دێرەلوک خنکا، دواى 15 رۆژ لەگەڕان بەدواى تەرمەکەیدا، بنەماڵەکەى بڕیاریاندا سبەینێ پرسەى بۆ دابنێن.
لەماوەى ئەو 15 رۆژەدا، تیمەکانى بەرگرى شارستانى و خۆبەخشان لەزێى گەورەى سنوورى دێرەلوک لەناو ئاودابوون بۆ دۆزینەوەى تەرمەکەى، کەسوکارى و هاوڵاتیانیش بە درێژایى ئەو ماوەیە چاویان لەسەر رووبارەکە لانەدا، بەڵام هەموو هەوڵەکان تائەمڕۆ بێهودەبوون و تەرمى ئارڤانى بچوک لە زێى گەورەدا بێ سۆراغ مایەوە.
بنەماڵە و کەسوکارى منداڵەکە، لەگەڵ ئەنجومەنى گوند و ریشسپیانى گوندى شێرانە کۆبوونەوە و بڕیاریاندا گەڕانى بەکۆمەڵ بەدواى دۆزینەوەى تەرمى ئارڤان رابگرن و تەنیا تیمەکانى بەرگرى شارستانى لە کارەکانیان بەردەوام بن.
زەکی شێرانەیی، کەسوکاری ئارڤان بە 964ـى وت،”بۆ سەلامەتى هاوڵاتیان و خۆبەخشان بڕیارماندا گەڕان رابگرین”.
دەشڵێت: سبەینێ یەکشەممە پرسە بۆ ئارڤان دادەنێن و دوو هۆڵى ژن و پیاوان بۆ پرسەکەى لە دێرەلوک دیاریکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح