"لە هەندێک شوێن نابڕێت"

سبەی ئینتەرنێت لە هەموو كوردستان دەبڕێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەی یەكشەممە بەبۆنەی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی، هێڵی ئینتەرنێت لە سەرجەم كوردستان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەبڕێ، بەڵام هەندێك شوێنی پێویست هێڵەكانیان نابڕێت.

دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەمڕۆ شەممە 21.6.2025 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، سبەی لە كاتژمێر 6:30 تا 7:45 خولەكی بەیانی، هێڵی ئینتەرنێت لە سەرجەم كوردستان رادەگیرێ، ئەمەش بەهۆی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی قوتابیان.

وتیشی، هەندێك شوێن و دامەزراوەی گرنگ هەن، كە ئینتەرنێتان دەبێت و هێڵەكانیان ناپچڕێت، ئەوانیش، سەنتەری زانیاری هەژماری من، لە گەڕەکی 32ی پارک، سەرجەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)، سەرجەم بانکەکان فڕۆکەخانەکان، داتا سەنتەری (پرۆژەی روناکی) و (پێوەری زیرەک).

دیلان رەشاد ئەوەشی وت، هەندێک شوێنی دیكە هەن، کە بەپێی سنووری کارکردنی کۆمپانیاکان ئاگاداریان دەکەنەوە لە راگرتن و یان كاركردنی هێڵەكانیان.

“بڕینی ئینتەرنێت هەموو رۆژانی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 لە هەموو یەكشەممە و چوارشەممەیەك بەردەوام دەبێت، تا دواڕۆژی تاقیكردنەوەكان لە 6.7.2025″، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وای وت.

هەفتەی رابردوو بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، تاقیكردنەوەكان دواخران، كە تا ئێستا دوو تاقیكردنەوە كراون و سبەی یەكشەممە تاقیكردنەوەی وانەی بیركارییە لە كوردستان.

كارەبا و ئاسایش بۆ هۆڵەكان دابین دەكرێت و ئینتەرنێتیش ...

كارەبا و ئاسایش بۆ هۆڵەكان دابین دەكرێت و ئینتەرنێتیش دەبڕێت