لەسەر رێگای خورماتوو - کفری
لە رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوتی دیکەش برینداربوون
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەسەر رێگای خورماتوو – کفری رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی کیا و پیکابێک روویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوتی دیکەش برینداربوون.
لوقمان ئاوارە ئەندامی یەکێک لەو خێزانانەی لە رووداوەکەدا برینداربوون، بە 964ـی وت، ئۆتۆمبێلەکان خۆیان بەیەکدا کێشاوە و کاتێک ماڵی براکەی لە کفریەوە بەرەو خورماتوو رۆیشتوون، لەنزیک سنوری ناحیەی سڵێمانبەگ، بەهۆی تاریکی رێگاکەوە، کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەیان لەدەستداوە و تووشی ئەو رووداوە بوون.
وتیشی، لە رووداوەکەدا ژنێکێکی نێو کیاکە کە لە نەتەوەی عەرەبە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش لەهەردوولا بریندابوون.
لوقمان ئاوارە وتیشی، لەنێو بریندارەکان دوو منداڵی تێدایە و باری تەندروستیان ناجێگیرە، سەرجەم بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری