دیمەنێکی شاری سلێمانی
رووداوەکە لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی روویدا
شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە دەستگیر کرا کە لە کەسێکیدا و هەڵات
964+
شۆڕش قادری
ئاسایشی سلێمانی شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی دەستگیر کرد کە ئەمڕۆ لەبەردەم بینای پارێزگا لە کەسێکیدا و هەڵات.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەیان دەستگیر کردووە کە لە شەقامی گشتی بەردەم پارێزگای سلێمانی بەئۆتۆمبێل لەهاوڵاتییەکیـدا و هەڵات.
ئەمڕۆ هەینی 20.6.2025 پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی بڵاویکردەوە، هاوڵاتییەک لە رەگەزی نێر کە تەمەنی لە نێوان 40 بۆ 50 ساڵ دەبێت و تیشێرتێکی خەت خەتی شین و سپی لەبەردابووە، لەشەقامی گشتی بەردەم پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێل لێیداوە و گیانی لەدەستداوە.
ئەو هاوڵاتییە هیچ جۆرە بەڵگەنامەیەکی پێنەبووە، بۆیە پۆلیسی سلێمانی داوای کردبووە، هەر کەسێک دەیناسێت یان زانیاری هەیە لەسەری، پەیوەندی بکات بە بنکەی پۆلیسی سەرچنار.
ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، دوای رووداوەکە بەبڕیاری دادوەر بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان ئەنجامداوە و توانیویانە شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلە دەستگیر بکەن کە لێیداوە و هەڵاتووە.