بەرپرسێكی ئیسرائیلی:

“ئەمریكا دوو رۆژی دیكە بڕیاری لێدان لە ئێران دەدات”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل پێشبینی دەکات لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بڕیارێک لە بارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بدات، لە كاتێكدا کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، بڕیارەکە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمریکاوە دەدرێت.

ئەو بەرپرسە بۆ رۆژنامەی “تایمز ئۆف ئیسرائیل” روونی کردەوە، ئیسرائیل هێشتا چاوەڕوانی ئەوە دەکات سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە هێرشەکانی دژ بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکات.

بەرپرسەكە ئەو ماوەیە دەخەمڵێنێت، كە ئەمریکا بڕیاری بەشداریکردن لە لێدانەکانی سەر ئێران دەدات و دەڵێت: “لە 24-48 کاتژمێری داهاتوودا ئەوە دەزانین، دەشڵێت، كەس فشار لە ئەمریكا ناكات و بڕیارەكە لای خۆیانە.

بەرپرسەكە ناوی ئاشكرا نەكراوە و روونیكردووەتەوە، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، (یسرائیل کاتز)، بە تەواوی هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ هەیە، سەبارەت بە هەڕەشەکانی لەسەر عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران.

هەروەها وتی، وەزیری بەرگری لەخۆیەوە قسە ناكات و ئەو شتانە دەڵێت، كە بنیامین ناتەنیاهۆ داوای لێدەكات.

ئەم قسانەی بەرپرسە ئیسرائیلییەكە لە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، سەرۆكی ئەمریكا لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەی داهاتوودا بڕیار لەسەر بەشداریی ئەمریكا لە شەڕی دژ بە ئێران دەكات یان نا.

پێشبینیی كۆتاییهاتنی شەڕ دەكرێت

لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ئیسرائیل هیوم لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیلییەوە رایگەیاندووە: خەمڵاندنەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە شەڕ لەگەڵ ئێران چەند رۆژێکی تر کۆتایی پێبێت، هەروەها رەزامەندی هەیە لە خێرایی پێشکەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە لە هەینی رابردووەوە دەستیپێکردووە.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکان بە تۆڕی “سی بی ئێس”ی ئەمریکییان راگەیاندووە، یەکێک لەو بژاردانەی ترەمپ باسی کردووە ئەوەیە، ئێران دەتوانێت خۆی دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ دابخات.

سەرچاوەکان روونیان کردەوە، ترەمپ داوای كردووە جارێ هێرش نەكرێتە سەر وێستگەی فۆردۆ، چونكە پێشبینیی دەكات ئێران خۆی رەزامەندی بدات لەسەر وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

ئاماژە بەوەش دەكرێت، ترەمپ مەیلی ئەوەی هەیە ئەمریکا لە لەناوبردنی فۆردۆدا بەشداری بکات “ئەگەر پێویست بکات”، هەروەها پێی وایە بژارەی زۆر نییە و تەواوکردنی ئەرکەکە بە واتای لەناوبردنی فۆردۆ دێت.