وێنەیەکی دروستکراوە کە تەقینەوەی ئەتۆم پیشاندەدات. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
"تا ئێستا تۆمار نەکراوە"
ئەگەری تیشکدانەوەی ئەتۆمی ترسی لای عێراق دروستکردووە
964+
ژووری هەواڵ
بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ترسی لای بەرپرسانی عێراق دروستکردووە و محەمەد شیاع سودانیش دڵنیایی دەدات کە زیادبوونی تیشکدانەوە لە وڵاتەکە تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.6.2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکان، بۆ حاڵەتە فریاگوزارییە تیشکی و ئەتۆمییەکان کۆبووەوە و نوسینگەکەی دەڵێت، ئامادەکاری بۆ حاڵەتە ئەگەرییە لەناکاوەکان دەکرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی سودانی دەڵێت، مەبەست لە کۆبوونەوەکە پێداچوونەوە بوو بە پلانی نیشتمانیدا، کە لە ساڵی 2023 پەسەندکراوە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوە تیشکی و ئەتۆمییەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێداچوونەوە بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و رۆڵ و بەرپرسیارێتی دامودەزگاکان کراوە، لە ئەگەری تۆمارکردنی رووداوەکانی تیشکدانەوە بەهۆی بەئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سودانی جەختی لەوە کردەوە، ژووری فریاکەوتن لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ وەڵامدانەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتە فریاگوزارییە لەناکاوەکان.