بریکارێکى خۆراکە لە کاتى دابەشکردنى بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
هەرکەسێک خۆراک بشارێتەوە سزادەدرێت
“بەشى شەش مانگ خۆراک لە کۆگاکان هەیە”
964+
ژووری هەواڵ
بڕی ئەو خۆراکەی کە لە هەرێمی کوردستان کۆگا کراوە بەشی شەش مانگی هاونیشتمانیان دەکات و وەزارەتی بازرگانیش داوا دەکات، خەڵک تەنیا بە ئەندازەى پێداویستى خۆیان خۆراک بکڕن.
ئەمڕۆ دووشەممە 16.6.2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەرێوەبەرى گشتی بازرگانیی هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژانەمەوانیدا رایگەیاند، بە ئەندازەى پێداویستیی شەش مانگى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان خۆراک و پێداویستى لە کۆگاکاندا هەیە.
بە وتەی بەرێوەبەرى گشتی بازرگانی هەرێم، جووڵەى بازرگانیی ئاساییە و دەروازە سنوورییەکان بەردەوام کراوەن.
ئەگەر دەروازە سنوورییەکانیش دابخرێت، کاریگەرییەکى ئەوتۆى لەسەر بازاڕەکان نابێت، چونکە بە وتەی بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى، ئەو کاڵایانەى کە لە کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە دێن زیاتر سەوزە و میوەن و ئێستاش وەرزى پێگەیشتنى ئەو بەرهەمانەیە لەناوخۆ.
نەوزاد شێخ کامیل وتیشی، لیژنەکان بەردەوامن لە چاودێریى دۆخى بازاڕ و جگە لە چاودێرى کوالیتى چاودێرى بەرزبوونەوەى نرخ و شاردنەوەى کاڵا دەکەن، هەرکەسێک خۆراک بشارێتەوە سزادەدرێت.